سەرۆکی حکوومەت بەدەم داواکەی کامیل هەڵەبجەیەوە دەچێت
مەسرور بارزانی هاوکاری بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی دەکات
K24 – ههولێر:
دوای ئەوەی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، كامیل عەبدولقادر، بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی، داواكاریەكی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، سەرۆکی حکوومەت بەدەم داواکەیەوە چوو.
کامیل عەبدولقادر لە پۆستێکی فەیسبووک نووسیویەتی: "کاتژمێر 8ی ئەم بەیانیە، لە نووسینگەی جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیم پێوە کرا و پێیانڕاگەیاندم (جەنابی سەرۆک هەواڵت دەپرسێ و سڵاوی هەیە بۆت، ئەو بڕی سی هەزار یۆرۆش کە داوات کردووە خەرج کراوە بۆتان)" .
ئەو 32 ساڵە چارەسەری سییەکانی بۆ دەکرێت، ئێستا بەشێكی زۆری سییەکانی لەکار کەوتوون و بەپێی راپۆرتە پزیشکیەکانی ئەڵمانیا و ئێران و هەرێمی کوردستان، مەترسی تەواو لەسەر ژیانی هەیە و پێویستە دەستبەجێ نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی بۆ ئەنجام بدرێت.
کامیل عەبدولقادر نزیکەی دوو ساڵە رووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، پزیشکەکان لەم ماوەیەدا هەوڵی زۆریان لەگەڵ داوە و ئێستا ئامادەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەریە سەختە.
بەهەوڵی چەند رێکخراوێکی بواری جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر قایلکراوە بەوەی ڤیزای ساڵێک بە خێزان و منداڵەکانی بدەن، ئەمەش بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیا چاودێری ووردی بکەن، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئامادە نییە، هیچ خەرجییەکیان لە ئەستۆ بگرێت.
تا ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی و خێرخوازەوە، بڕی بیست هەزار یۆرۆ گەشتۆتە ئەو ژمارە بانکییەی کە لە بانکێکی ئەڵمانیا کامیل عەبدولقادر کردوویەتییەوە، 30 هەزار یۆرۆكەی دیكەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە لە ئەستۆ گیرا.
کامیل، لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوایکردبوو، بە هانەیەوە بچن، چونکە لە دۆخێکی سەختدایە لە وڵاتی ئەڵمانیا.
پێشتر، پڕۆگرامی "بنكۆڵ"ـی كوردستان24 کە لە لایەن کاروان رەحمان پێشکەش دەکرێت، لە شاری ئێسن لە وڵاتی ئەڵمانیا کامیل عەبدولقادری بەسەر كردەوە و خەم و داواكارییەكانی بە ڕای گشتی و بەرپرسان گەیاند.
هەروەها، تیمی کوردستان24 لە هەڵەبجە، چەند جارێک راپۆرت و بەدواداچوونیان لە بارەی رەوش و گوزەرانی کامیل کردووە و ئێش و ئازارەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە.
کامیل عبدالقادر وەیس محەمەد، لەساڵی 1973 لە هەڵەبجەی شەهید لە دایک بووە، لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی (9 کەس کە لەو کاتەدا پێکەوە بوون) شەهید بوون، باوک و دایک و پێنج خوشک و برایەک و خوشکەزایەکی بەگازی کیمیایی پێکەوە شەهید بوون، لە نێویاندا تەنها كامیل لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە، دوو مانگ لە نەخۆشخانەی (شەهید مدەرس) لە تاران لەژێر چاودێری ووردا بووە، هەفتەیەک بێ هۆش بووە و زیاتر لە سێ هەفتەش نابینا بووە. ماوەی نزیکەی 32 ساڵە بەدەست کاریگەریی گازی خەردەلەوە دەناڵێنێت.
H.J