لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی دامەزراندنی پەروەردەی كەركووك دەكرێت
پەرلەمانتارێك زانیاری دەخاتەڕوو
K24 - كەركووك
دوای ناڕەزایەتی دەرچووانی كورد لە رێژەی دامەزاندنی مامۆستا و فەرمانبەران لە پەروەردەی گشتی كەركووك، بڕیاردرا كە دەستەی نەزاھە لەو شارە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە بكات.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "پاش کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عێراق بەوەکالەت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی نەزاهەی عێراقەوە، دەستەی نەزاهەی کەرکووك راسپێردران تا مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ دامەزراندنەکەی پەروەردەی کەرکووك بکەنەوە و رێکارە یاساییەکان دەست پێبکەن".
ھەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركووك دامەزراندنی نزیكەی 3 ھەزار پلەی وەزیفی راگەیاند، بەڵام رێژەی كورد بە بەراورد ژمارەی دانیشتووانی كەركووك زۆر كەمە، ئەمەش ناڕەزایەتی دەرچووانی كوردی لێكەوتەوە و بۆ ھاوكات پەرلەمانتارانی كورد لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كەركووك رێژەكەیان رەتكردەوە و بڕیاریاندا كە بە دواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و وەزیری پەروەردەی عێراق بانگێشتی پەرلەمان بكەن.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، لە كۆی ئەو رێژەیە نزیكەی ھەزار پلەی وەزیفی بۆ حەویجە تەرخان كراوە و لەناویشیدا ھۆزی جبوور پشكی شێری بەركەوتووە.
پێشتر دەرچوانی كورد لە كەركووك وەك ناڕەزایەتی خۆپێشاندانیان دژی ئەو بڕیارە ئەنجامدا.
ھ.م