ئەمەریکا 90 رۆژ مۆڵەت دەداتە ئەوروپا بۆ سزادانی زیاتری ئێران
ئەمەریکا سزاکانی سەر ئێران تووندتر دەکات
K24 – ههولێر:
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا پشتراستی کردەوە کە ئەمەریکا بۆ وازهێنان لە رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گوشاری بۆ هێناون، لەگەڵ ئەوەش ئەو دەڵێ سیاسەتێکی سەربەخۆیان هەیە، هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا 90 رۆژی وەکوو دوا وادە بە ئەوروپییەکان داوە کە کۆتایی بە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بهێنن.
ئانێگرێت کرامپ کارێنباوەر، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بەشێوەیەك لە شێوەكان راپۆرتەكەی رۆژی پێنجشەممەی رۆژنامەی واشنتن پۆستی پشتراست كردەوە، رۆژنامەكە نووسیبووی كە ئەمەریكا گوشاری بۆ ئەوروپییەكان ھێناوە بۆ ئەوەی لە رێكەوتنی ئەتۆمی بێنەدەر یان پشتیوانی لە پرۆژە نوێكەی ترەمپ بكەن.
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دەڵێت، ئەوەی ئەمەریكا باسی دەكات دەكرێ وەكوو ھەڕەشەش لێك بدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش ئەوان لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا سیاسەتی سەربەخۆیان سەبارەت بە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ھەیە.
ھاوكات ئەمەریكا 90 رۆژی مۆڵەت بە ھەموو وڵاتان و لەنێویشیاندا ئەوروپییەكان داوە، ستیڤن منۆچین وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند كە دوای ئەو 90 رۆژە ھەموو جۆرە بازرگانی كردنێك لەگەڵ ئێران وەكوو پێشێلكاری سەیر دەكرێت و سزای پێشێلكارەكان دەدرێت.
ئێستا فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەتایبەت بەریتانیا ھەنگاو بە ھەنگاو لەئەمەریكا نزیك و لەئێران دوور دەكەونەوە، بڕیارە ئەو سێ وڵاتە لە ماوەیەكی كەمتر لە مانگێكدا گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بكەن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە ھەنگاو بۆ پێشێڵكردنی رێكەوتنەكە نەھاوێت كە پێیانوایە پێشێلیكردووە.
دوای ئەوە ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكە و پشتیوانیكردن لە پرۆژە نوێكەی دۆناڵد ترەمپ دەكەن.
ئێستا ئەمەریكا بە گوشار بێ یان بە گفتوگۆ خەریكە ئەوروپییەكان دەكاتە پشتیوانی پرۆژەكەی خۆی، ئەو پرۆژەیەی ئەگەرچی ناوەرۆكی بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە دەلێ نابێ ئێران بەھیچ شێوەیەك یۆرانیۆم بپیتێنێت و ھاوكات پرسی موشەكی و پشتیوانیكردن لە تیرۆر و دەستێوەردانەكانی ئێران لەناوچەشی تێدایە.
H.J