پێداچوونەوە بە نەخۆشخانە ئەھلییەكاندا دەكرێت

نەخۆشخانە ئەھلییەكان لە ھەرێمی كوردستان رێك دەخرێنەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە رێگەی لیژنەیەکەوە  پێداچوونەوە و رێکخستنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکان دەکات و پلەبەندیان پێ دەبەخشێت.

بەڕێوبەری گشتیی پشکنین و دڵنیایی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت" ئەمە رەواییدان نییە بە نەخۆشخانە تایبەتەکان، بەڵکوو ھاندانیانە تا باشترین خزمەت پێشکەش بە نەخۆش بکەن".

لە رێگە 60 پێوەری جیاجیاوە، وەزارەتی تەندروستی رێکخستنەوە بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان لە ھەرێمی کوردستان دەکات. لیژنەیەکی باڵا کە ھەریەکە لە وەزارەتی تەندروستی، سەندیکاکانی پزیشکان و بەڕێوبەرایەتیی پشکنین و دڵنیایی جۆری و سەرجەم بەڕێوبەرەکانی تەندروستی لە شارەکانی کوردستان ئەندامن تێیدا، ھەوڵ دەدەن رێکخستنەوە بۆ جۆری خزمەتگوزارییەکان بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، ئامانج لە رێکخستنەوەی نەخۆشخانە تایبەتەکان پشتگیری کردنیانە، تا خزمەتێکی باشتر پێشکەش بەو کەسانە بکەن، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانیان دەکەن. دەشڵێت "کارمان بۆ رێکخستنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکانیش کردووە".

بەڕێوبەری گشتیی پشکنین و دڵنیایی جۆری سەر بە وەزارەتی تەندروستی باس لە مەرجەکانی چۆنێتی پلەبەندی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەكات، ئەو پلانەی داندراوە لەسەر چەند مەرجێک ئەستێرە بە نەخۆشخانە تایبەتەکان ده‌درێت، نرخی دەرمان و نەشتەرگەری و سەرجەم چارەسەرەکانیش دیاری دەکرێت.

لەو مەرجانەی کە لیژنە باڵاکە دایان ناوە بۆ ھەڵسەنگاندنی نەخۆشخانە ئەھلییەکان، پێکھاتووە لە دیزاین و شوێنی نەخۆشخانەکان و خزمەتگوزارییەکانی نەخۆش و گونجانی ھۆڵەکانی نەشتەرگەری، ھەروەھا گونجاویی نرخی خزمەتگوزارییەکان بە گوێرەی پێوەرە جیھانییەکان، لە سەر بنەمای پێوەرە جیھانییەکان ئەم ھەڵسەنگاندنە دەکرێت بە رەچاوکردنی بار و گوزەرانی تاک لە ھەرێمی کوردستان. ئەستێرە دانان بۆ نەخۆشخانەکان لە یەکەوە دەست پێ دەکات تا پێنج ئەستێرە و بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبێت.

ھ.م