پارتی ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كات

دەسەڵاتی پێویست بە مەکتەبی سیاسی دراوە بۆ ئەوەی ئاماده‌كاریی بکات

K24- هه‌ولێر:

پارتیی دیموکراتی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بریاری دا، ئەم ساڵ کۆنگرەی ١٤ی حیزبەکەی ببه‌ستێت، کوردستان ٢٤ یەکێك لە دێرینترین ئەندامەکانی پارتی بەسەر دەکاتەوە، کە بەشداریی چەندین کۆنگرەی ئەو حیزبەی کردووە، ئەو دەڵێت: ھەموو کۆنگرەکانی پارتی بۆ نوێبوونەوەی حیزبەکە ئەنجام دراون.

وەزیرە پیرداود، یەکێکە لە دێرینترین ئەندامەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئەو لە چوار کۆنگرەی حیزبەکەی بەشداریی کردووە، کۆنگرەیەك لە ئاواریی و سێ کۆنگرەش به‌ ئازادی، ھەموو ئەو کۆنگرانەی وەزیرە تیایدا ئەندام بووە، بە کۆنگرەی نوێبوونەوە ناو دەبات و دەڵێت: "پارتی کۆنگرەکانی لەگەڵ ئەو ھەلومەرجە دەگونجێنێت، کە کۆنگرەی تیادا دەبه‌سترێت".

بەیار محەممەد ھەرکیش كه‌ بچووکترین کوڕی خاتوو وەزیرەیه‌، بە بچووکترین ئەندامی یەکێك لە کۆنگرەکانی پارتی دەستنیشان کراوە، چونکە دایکی نەیتووانیوە لە کۆنگرە داببڕێت، بۆیە بە ناچاریی ١٢ رۆژی کۆنگرە لەگەڵ خۆی لەو شوێنەی کۆنگرەی تێدا به‌ستراوه‌، لە تەمەنی ٥ ساڵی ئامادە بووە.

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، بڕیار درا لە ساڵی ٢٠٢٠ كۆنگره‌ ببه‌ستێت، ئەمەش لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کوردستان، عێراق و ناوچەکە و گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانه‌كانی، بۆ ئەمەش دەسەڵاتی پێویست بە مەکتەبی سیاسی دراوە، بۆ ئەوەی ھەنگاو و رێکارەكان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دەست پێ بکات.

H.B