حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرزەکان وەردەگرێتەوە
"یاسای چاکسازی حکوومەت سەرپشک دەکات لە وەرگرتنەوەی قەرزەکان"
K24 - ھەولێر
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان قەرزەكانی وەردەگرێتەوە كە لای بەشێك لە كۆمپانیاكان ھەن. ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "یاسای چاکسازی حکوومەتی سەرپشک کردووە ئەو قەرزە وەربگرێتەوە کە دەمێکە لای کۆمپانیا و بازرگانەکان کەڵەکە بووە". بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەکەن.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بڕی ئەو قەرزەی كە دراوە بە کۆمپانیا و بازرگانەكان ئاشکرا دەکات، كە نزیکەی 800 ملیار دینارە، کە پێویستە لەو ماوەی كە بۆیان دیاری دەکرێت قەرزەکە بە حکوومەت بدرێتەوە.
لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "تا كۆتایی ساڵی رابردوو قەرزی حكوومەت لای كۆمپانیاكان بوو بە 800 ملیار دینار، ئەگەر ئەو كۆمپانیا و كەسانەی قەرزدارن، قەرزەكە بۆ حكوومەت نەگەڕێنەوە، ئەوا حكوومەت بەپێی یاسای چاكسازی بۆی ھەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات".
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی حکوومەتی ھەرێمن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە، چونکە ماوەیەکی زۆرە ئەو قەرزە لای کۆمپانیا و بازرگانەکان کەڵەکە بووە، وەک خۆیان دەیڵێن یاسای چاکسازی رەھەندی دارایی ھەیە و وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە، بۆ باشبوونی باری دارایی حکوومەت زۆر پێویستە.
لوقمان وەردی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێ: "بەشێك لە كۆمپانیاكان كە قەرزی حكوومەتیان لایە و رەنگە دژی یاسای چاكسازی بن، ئێمە جەخت دەكەینەوە دەبێ حكوومەتی ھەرێم ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە".
ھاوكات ئەبوبەکر ھەڵەدەنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رای وایە: "پێویستە ئەو كۆمپانیا و كەسانەی قەرزی حكوومەتیان لایە بۆ حكوومەتی بگێڕنەوە، وەك چۆن ھاووڵاتییەكی ئاسایی پێشینەی ھاوسەرگیری و خانووبەرە وەردەگرێت و ھەموو رێوشوێنێكی یاسای لەگەڵ بەكاردەھێندرێت و پارەكە دەداتەوە، دەبێ كۆمپانیا و بەڵێندەرەكانیش بە ھەمان شێوە قەرزەكان بدەنەوە".
پاش ئەوەی لە 16/1/2020 پڕۆژەیاسای چاكسازی بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسند كرا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر، رەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێم کرد، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمی و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، تەواوی بڕگە و مادەکانی یاساکە، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھ.م