واشنتن هۆشداری ده‌داته تاران
"ده‌بێت ئێران ده‌ست له ره‌فتاره‌كانی هه‌ڵگرێت و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێزی دانوستان"
K24- هه‌ولێر:
رۆبێرت وۆد، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری راماڵینی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو هۆشداری دایه ئێران، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له په‌یمانی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی و گوتی: ئه‌گه‌ر تاران ئه‌م هه‌نگاوه بنێت، "ده‌بێته په‌یامێكی زۆر زۆر نه‌رێنی".
له لێدوانێكدا وۆد ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، پێویسته له‌سه‌ر ئێران ده‌ست له ره‌فتاره‌كانی هه‌ڵگرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كێشه‌كان بگه‌ینه رێككه‌وتن، له‌وانه‌ش كێشه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه بالیستییه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنیان و چالاكییه‌كانی ئێران له سه‌رانسه‌ری جیهان".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، شه‌وی رابردوو محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه وڵاته‌كه‌ی له په‌یمانی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی بكشێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت‌و دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بكرێت.
زه‌ریف دووپاتیكرده‌وه، "وڵاته‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی له پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، پێ ده‌نێته هه‌نگاوی پێنجه‌م و كۆتایی"، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌پاندنی سزای نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی چڕكردووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
H.B