خۆپیشانده‌ران به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك هێلكه‌ باران ده‌كه‌ن

"له‌ دامه‌زراندن سته‌م له‌ كورد كراوه‌"

K24 - هه‌ولێر:

ده‌رچووانی كۆلێژ له‌ پێكهاته‌ی كورد له‌ كه‌ركووك خۆپیشاندانێكیان له‌ دژی دامه‌زراندنی پێكهاته‌كان ساز كرد و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، سته‌م له‌ كورد كراوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌میان دامه‌زراون له‌ چاو پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/1/2020 ده‌رچووان له‌ به‌رده‌م بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك گردبوونه‌وه‌ و سه‌ره‌تاش گرژیی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان درووست بوو. دواتریش خۆپیشانده‌ران بینای په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووكیان هێلكه‌باران كرد .

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، تا ئێستاش ده‌رچووان له‌ گردبوونه‌وه‌ی خۆیان به‌رده‌وامن و ئاماده‌نین تا جێبه‌جێكردنی داواكانییان شوێنه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داواكاری ده‌رچووان ئه‌وه‌یه‌، یان ژماره‌یه‌كی زیاتری كورد دابمه‌زرێنرێت وه‌كو پێكهاته‌كانی دیكه‌، یانیش فه‌رمانی دامه‌زراندنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

ئ. م