مه‌سرور بارزانی: پێشمەرگە ناسنامەی گەلی کوردستانە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/1/26 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و دارایی و ئابووری ئامادەیبوون، جەخت لە گرنگی درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێشمەرگە ناسنامەی گەلی کوردستانە و قوربانیدانەکانی جێی شانازیی خەڵکی کوردستان و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بۆیە هەرچییەك لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگەی شایستە و راستەقینە دەیکەین. بۆ پێشخستنی هێزی پێشمەرگەش پێویستە لە سەربنەمایەکی زانستی و سەردەمیانە پێکهاتەکانی پێشمەرگە رێکبخرێتەوە.

ئ. م