فرسەت سۆفی: زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەبڕین

"ھەموو كەسێك دەگرێتەوە"

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەن و ھەموو كەسێك دەگرێتەوە و ھیچ كەس پارێزبەندی لەسەر نییە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا بەردەوامە و بڕیاریانداوە لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش قسەیان لەگەڵ ھەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان كردووە.

گوتیشی: "بڕینی كارەبای زێدەڕۆ ھەموو كەس دەگرێتەوە و ھیچ كەسێك پارێزبەندی لەسەر نییە، لیژنەیەك بۆ ئەم مەبەستە پێكھێنراوە".

راشیگەیاند: "پرۆسەی بەستنی پێوەری كارەبا لە ھەولێر بەردەوامە، بەتایبەتی لەو یەكە نیشتەجێبوانەی كە پێشتر رێگەیان پێنەدراوە، بۆ بڕینی كارەبای زێدەڕۆش لەو شوێنانە دەست پێدەكەین ئەوانەی لە كۆمەڵگەی پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوون".

پارێزگاری ھەولێر ئەوەشی خستەروو: "ئێستا 20% كارەبای ھەولێر دەدزرێت".

فرسەت سۆفی، ئاماژەی بەوەشدا: "وەك پارێزگا بڕیارمانداوە لەمەودوا كۆمپانیاكانی كاری ئینتەرنێت دەبێ پابەندبن بە رێنماییەكانی ئێمە و شارەوانی، نابێ چیتر شەقامەكان خراپ بكەن، ئەگەر ھەر شوێن نەبوو و شەقامەكانیان خراپ كرد، دەبێ دوای تەواو بوونی پڕۆژەكە رێگاكە چاكبكەنەوە".

لەبارەی كێشەی كەمبوونەوەی رێژەی غازی ماڵان لە ھەولێر فرسەت سۆفی رایگەیاند: "ھیچ شتێك بەناوی قەیرانی غاز لە ھەولێر نییە، بەڵكو كێشەیەك ھەیە لە گواستنەوەی غاز لەنێوان دوو كۆمپانیا، بۆ ئەمەش جەخت لەو كۆمپانیایانە دەكەینەوە كە كێشەكەیان چارەسەر بكەن و دڵنیایی دەدەینە خەڵك كە لە ئایندەیەكی نزیكدا كێشەی كەمی غاز چارەسەر دەكرێت".

ھ.م