مەسرور بارزانی: داوا له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌م له‌ به‌كارخستن و هه‌لیكار گرنگی زیاتر به‌ لاوانی كوردستان بده‌ن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ران: پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سیشەممە 2020/1/28 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان کرا. 

سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کەحکومەتی ھەرێم پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین . گوتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی  و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت .

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا. داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە دەرفەتەکانی کارکردندا.

پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.

ئ. م