توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له سووریا ده‌كات
هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی ناو خاكی سووریا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سوپای توركیا هێزێكی زیاتری ره‌وانه‌ی ویلایه‌تی هاتای سه‌ر سنووری سووریا و به‌شێكی دیكه‌ش ره‌وانه‌ی سنووری پارێزگای ئیدلب له ناو خاكی سووریا كرد.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كاروانێكی سه‌ربازی توركیا كه له تانك و زریپۆش و چه‌كی قورس پێكهاتوون، گه‌یشته قه‌زای ره‌یحانی له ویلایه‌تی هاتای، ئه‌مه‌ش به ئامانجی زیادكردنی هێزه‌كانی له‌سه‌ر سنووری سووریا.
له لایه‌كی دیكه‌وه، روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو كاروانێكی دیكه‌ی سه‌ربازی توركیا گه‌یشتووه‌ته ناو خاكی سووریا و له باشووری شارۆچكه‌ی سه‌راقبی سه‌ر به پارێزگای ئیدلب جێگیركراون.
روانگه‌كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرایكرد، ئه‌و كاروانه سه‌ربازییه‌ی گه‌یشتووه‌ته ناو خاكی سووریا له 30 تانك و زریپۆش و ژماره‌یه‌ك سه‌رباز پێكهاتوون.
پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ، دوای ئه‌وه‌ی سوپای سووریا كۆنترۆڵی گه‌وره‌ترین پێگه‌ی چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ی له سنووری پارێزگای ئیدلب كرد و له پێشڕه‌وییه‌كانی بۆ كۆنترۆڵكردنی خاڵێكی چاودێری سوپای توركیا به‌رده‌وامه، وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد، كه هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ر هێزه‌كانیان له ئیدلب، به توندی وه‌ڵامی سوپای سووریا ده‌ده‌نه‌وه.
H.B