وەزارەتی كشتوكاڵ دوو بژاردە بۆ گەنمی جوتیاران دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران

بەغدا پارەی سێ ساڵی گەنمی جوتیارانی كوردستانی خەرج نەكردووە

K24 - ھەولێر

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ ساغكردنەوەی گەنمی جوتیاران دوو بژاردە دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران. ئاماژە بەوەشدەكات، كە ئەوان خۆیان لە شایستە داراییەكانی جوتیاران نادزنەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بابەتی شایستە داراییەكانی جوتیاران پێویستە بە ھەماھەنگی بێت لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی، بەڵام بەو مانایە نییە ئێمە خۆمان لە مافی شایستە داراییەكانی جوتیاران بدزینەوە".

گوتیشی: "لە دوو ھەفتەی داھاتوودا وەك شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵ سەردانی بەغدا دەكەین و مەلەفمان ئامادەیە، ھەروەھا لەسەرەتایی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەتی ھەرێمەوە لە چوارچێوەی پاكێجی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ئەو بابەتە لە چوارچێوەی كارەكانی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ حكوومەتی عێراق".

وەزیری كشتوكاڵ، ئەوەشی خستەروو: "چەند بژاردەیەكمان خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، پێموایە دوو لە بژاردەكان لایان پەسندە كە یەكێك لە بژاردەكان ئەوەیە ھەماھەنگی لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەت ھەبێت، بۆ ئەوەی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی وەرگرتن لە سایلۆكان دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان قسەی لەسەر دەكرێت، ھەروەھا بژادەی دیكەمان ئەوەیە كەرتی تایبەت خۆی گەنمەكە وەربگرێت و لەلایەن حكوومەتەوە پاڵپشتی بكرێت بۆ ئەوەی لە بازاڕەكانی ناوخۆ و عێراق ساغبكرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەمڕۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و ھەموو وردەكارییەكان دەخەینەروو".

بێگەرد تاڵەبانی، راشیگەیاند: "پڕۆژەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەبارەی كاروبارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ پەسند كراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا حكوومەتی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستانی بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 خەرج نەكردووە كە بڕی پارەكە نزیكەی 500 ملیار دینارە.

ھ.م