یانه‌ی هه‌ولێر دوو یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی گواسته‌وه‌

یانه‌ی هه‌ولێر گواستنه‌وه‌ی دوو یاریزانی بۆ خولی نایابی عێراق راگه‌یاند

یانەی ھەولێر گرێبەستی لەگەڵ دوو یاریزان واژۆ كرد بەمەبەستی یاریکردن لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراق و هه‌ردوو یاریزانه‌كه‌ش له‌ هه‌ڵبارده‌ی عێراق یاری ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 30 جه‌نیوه‌ری 2020، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گواستنه‌وه‌ی ھەردوو یاریزانی یانەی کەرخ (عودەی شەھاب و عومەر عەبدولرەحمان) راگه‌یاند، به‌پێی گرێبه‌ستێك ئه‌م دوو یاریزانه‌ تا کۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق لە یانەی ھەولێر یاری دەکەن.

عودەی شەھاب لە دایکبووی ساڵی (١٩٩١)ـە و لە ھێڵی بەرگری یاری دەکات و پێشتر لە ریزی یانەکانی ( زاخۆ و کەرخ) یاریکردووە و یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراقە.

عومەر عەبدولرەحمان لە دایکبووی ساڵی (١٩٩٨)ـە و لە ھێڵی ناوەراست و باڵەکانی راست و چەپ یاری دەکات و پێشتر لە ریزی یانەکانی (موسڵ، عەلەم، قاسم و کەرخ) یاریکردووە و یاریزانی ھەڵبژاردەی ئۆلۆمپی عێراقە.

خولی نایابی عێراق رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، یانه‌ی هه‌ولێر كه‌وتۆته‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م و شانبه‌شانی یانه‌كانی (نه‌فتی میسان، نه‌فتی وه‌سه‌ت، ته‌ڵه‌ و شوڕته‌) یاری ده‌كات، سه‌رجه‌م یارییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ سنووری پارێزگاری هه‌ولێر ده‌كرێن.