"باندێكی گهورهی" دزی دهستگیر كرا
سێ مۆلیدهی گهورهیان دزیوه
K24 – ههولێر:
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی باندێكی "گەورەی" دزیكردنی راگەیاند، كە لە 7 كەس پێكهاتوون و بە چەند ئۆتۆمبێلێك (3) مۆلیدەی گەورەیان لە هەولێر دزیبوو.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید دلێر نەجات یاسین نەجاڕ، لەو بارەیەوە رایگەیاند، شەوی رابردوو زانیاری گەیشتە پۆلیس بە بوونی باندێكی گەورەی دزیكردن لە شاری هەولێر، بۆیە پۆلیس دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد، توانی ناسنامەی (7) تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات.
دلێر نەجاڕ گوتیشی: لە پێناو هەرچی زووتر دەستگیركردنی تۆمەتباراندا، سەرپەرشتی و چاودێریی تیمێكی لێكۆڵینەوەمان كرد، كەوا توانییان لە ماوەیەكی كەمدا و لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەستنیشان بكەن كە (3) مۆلیدەی كارەبایان پێ دزرابوو و توانرا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیشدا بگیرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر زیاتر روونیكردەوە، (3) تۆمەتباری سەرەكی، كە هەڵسابوون بە دزینی مۆلیدەكان، دەستگیر كران و هەروەها ئەو كەسەش قۆڵبەست كرا كە مۆلیدەكانی لەو تۆمەتبارانە كڕیبوهوە، لەگەڵ دەستگیركردنی (3) تۆمەتباری دیكە كە لەو تاوانەوە تێوە گلابوون، بۆیە كۆی گشتیی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر كراون، (7) تۆمەتبارن.
ئاماژی بۆ ئەوەش كرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخرا و رەوانەی دادگای هەولێر كران، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندكردنیان بەپێی ماددە (443) لە یاسای سزادانی عێراقی ژماره 111ی ساڵی 1969.
.jpg)