ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین لە ١٠ ھەزار كه‌س نزیك دەبێتەوە

زۆربەی وڵاتان گەشتە ئاسمانیەکانیان بۆ چین راگرتووە

K24- هه‌ولێر:

لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین ئاشکرای کرد، ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٩ ھەزار و ٨٠٩ کەس. زیاتر لە ١٠٢ ھەزار کەسیش گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە بن. بەھۆی ڤایرۆسەکەشەوە ٢١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧١ تووشبووی دیکەش پاش وەرگرتنی چارەسەری چاکبوونەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاندبوو، ھەزار و ٩٨٢ حاڵەتی نوێی تووشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

رێکخراوی تەندروستی جیھانی باری لەناوکاوی لە جیھان راگەیاند.

دوای ھۆشدارییەکەی دەبلیو ئێچ ئۆ، وڵاتان رێکاری توندیان گرتووەتەبەر.

ئەو وڵاتانەی ھاووڵاتییان لە چین ھەیە لەرێگەی فرۆکەی تایبەتەوە ھاوڵاتیەکانیان دەگەرێننەوە.

ھەریەکە لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کۆریای باشوور و چەندین وڵاتی دیکە بەسەدان ھاوڵاتی خۆیان گەراندووەتەوە.

ئەو کەسانەشی کە دەگەرێنەوە لە نەخۆشخانەی تایبەت دادەنرێن و تا ١٤ رۆژ لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدا دەبن.

تا دووھەفتە بۆیان نیە بچنەوە ناو خێزانەکانیان، تا ئەو کاتەی دڵنیا ده‌بنەوە لەوەی کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە نین.

رۆژانە ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی دیکەش دەردەکەوێت ئەمرۆ روسیاش دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەی راگەیاند. پێشتر سەرۆك وەزیرانی ئیتالیاش 2 حاڵەت، ئوسترالیا 9 حاڵەت و بەریتانیاش 2 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکەیان لە وڵاتەکانیان پشتراستکردبووەوە.

واتە ژمارەی ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسەکەیان گەیشتووەتێ ٢٤ وڵاتن.

زۆربەی وڵاتان گەشتە ئاسمانیەکانیان بۆ چین راگرتووە. سەرەرای رێکارە توندەکانی وڵاتان، بەڵام به‌رله‌وه‌ی چین ھەست بە ڤایرۆسەکە بکات، زیاتر لە 5 ملیۆن کەس سەردانی وۆھانیان کردووە و لەو ھەرێمەش دەرچوونه‌، واتە دوای ئەوەی 5 ملیۆن کەس سەردانی ئەو شارەیان کردووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، ئەوکات دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە راگەیەندراوە.

H.B