رێواز فایەق: دوای 1ی شوبات له سایه‌ی یه‌كڕیزی قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە
ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر كارەساتی 1ی شوبات تێدەپەڕێت
K24 - ھەولێر
بەبۆنەی 16 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر كارەساتی 1ی شوبات، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "له سایه‌ی یه‌كڕیزی و لەخۆبوردوویی گه‌له‌كه‌مان و ته‌بایی نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە"
لە پەیامێكیدا رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "له سایه‌ی یه‌كڕیزی و لەخۆبوردوویی گه‌له‌كه‌مان و ته‌بایی نێوان هێزو لایه‌نه سیاسیه‌كان و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان رۆژ له دوای رۆژ قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە".
لە پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ھاتووە: "16 ساڵ به‌ر له ئەمڕۆ له 1ی شوباتی 2004 دا له كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن و خوێناویدا، به پیلانێكی ده‌ستی ره‌شی تیرۆریستان، گه‌له‌كه‌مان و خه‌ڵكی خۆڕاگری شاری هه‌ولێر، لە ناو هه‌ردوو باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، رووبەڕووی دوو کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی بوونەوە. ئه‌م رووداوه ترسنۆکانەیە له یه‌كه‌مین رۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز له كاتی خۆشی ده‌ربڕین و جه‌ژنانه‌ی خه‌ڵك، به هه‌موو چین وتوێژو پێكهاته جیاوازه‌كانه‌وه، كه به مه‌به‌ستی جه‌ژنه پیرۆزه ڕوویان له هه‌ردوو باره‌گاكه كردبوو روویدا، و خوێنی ده‌یان سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی بێ‌تاوان ئاوێتە بوو".
رێواز فایەق، راشیگەیاند: "ئه‌م كاره دژ به مرۆڤایه‌تییه بۆ هه‌موو جیهانی سه‌لماند كه ئه‌وان له تاریكستانه‌وه هاتوون و دژی ژیاندۆستی و ئارامین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له سایه‌ی یه‌كڕیزی و لەخۆبوردوویی گه‌له‌كه‌مان و ته‌بایی نێوان هێزو لایه‌نه سیاسیه‌كان وسه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ڕۆژ له دوای ڕۆژ قەوارەی هەرێمی کوردستان جێگیر تر و بەهێزتربووە".
دەشڵێت: "به پێویستی ده‌زانین ئه‌و راستیه دووپات بكه‌ینه‌وه كه هێشتا هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی زۆر له سه‌ر ده‌سكه‌وته سیاسی و مافه ده‌ستوورییه‌كانمان ماوه و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی لێمان ده‌خوازێت هه‌میشه یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بپارێزین و قووڵتری بكه‌ینه‌وه، و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمەکەمان کاری لە پێشینەمان بێت و ماف و ئازادییە گشتیەکان لە باشترین شێوازیدا بۆ هەمووان فەراهەم بکەین".