هەڵمەتی بڕینی کارەبای زیادەڕۆ دەستیپێکرد
ھەموو ناوچە و گەڕەكەكان دەگرێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕۆ دەستیپێكرد، كە پێشتر لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیەندرابوو.
ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ھەڵمەتەكە لە گەڕەكی مامۆستایان دەسیپێكرد، كە پێشتر پارێزگاری ھەولێر رایگەیاندبوو لەو گەڕەكانە دەست پێدەكەن، كە لەناو كۆمەڵگە بە دەستڕۆیشتوو ناودەبرێن".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "دوا مۆڵەت كە درابوو بەو كەسانەی زێدەڕۆییان كردووەتە سەر كارەبا دوێنێ بوو، ئەمڕۆ ھەڵمەتی بڕینی ئەو زێدەڕۆییانە دەستیپێكرد".
گوتیشی: "ئەو زێدەڕۆییانەی كراوەتە سەر كارەبا كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر ھێڵەكانی كارەبا. لەم ماوەیە كە مۆڵەتەكە راگەیەندراوە خەڵكێكی زۆر خۆیان سەردانی فەرمانگەكانی كارەبایان كردووە، بۆ ئەوەی پێش ھەڵمەتەكە كارەبا زێدەڕۆیەكەیان ببڕدرێت".
قایمقامی ناوەندی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ھەڵمەتە بەردەوام دەبێت و ھەموو شوێنێك دەگرێتەوە".
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای ھەولێر بۆ كوردستان24 گوتی: "ئامانجی سەرەكی ئەو ھەڵمەتە، باشتركردنی دۆخی كارەبایە كە پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بە ھاووڵاتییان زیاتر بكرێت".
ھ.م