كریستیانۆ دوو ریكۆردی ریال مه‌درید ده‌شكێنێت

ئه‌وه‌ی به‌ كریستیانۆ كراوه‌ به‌ هیچ یاریزانێك نه‌كراوه‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس بۆ نۆیه‌مین یاری له‌سه‌ریه‌ك له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان گۆڵی كرد و ریكۆردێكی پێشووی خۆی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید شكاند.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ گه‌ڕی 22ـه‌می سێریا ئه‌ی ئیتاڵیا، یانه‌ی یوڤێنتۆس میوانداریی فیۆرێنتینای كرد، له‌ گێمی یه‌كه‌م كریستیانۆ به‌ لێدانی پێناڵتی به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوونی شكاند و گۆڵی كرد، دواتر له‌ گێمی دووه‌میش گۆڵێكی دیكه‌ی به‌ لێدانی پێناڵتی كرد، به‌مه‌ش كۆی گۆڵه‌كانی به‌ لێدانی پێناڵتی گه‌یانده‌ 125 گۆڵ، تا ئێستاش 25 لێدانی پێناڵتی به‌فیرۆداوه‌.

كریستیانۆ به‌ تۆماركردنی گۆڵه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ریكۆرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ داڤید تریزگێی هێرشبه‌ری پێشووی یوڤێنتۆس یه‌كسانكرده‌وه‌ كه‌ له‌ 2005 بۆ (نۆ) یاری له‌سه‌ریه‌ك به‌ درێسی یوڤی گۆڵی كرد بوو.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ وه‌رزی 2019 ـ 2020 به‌ ئاستێكی به‌رز ده‌ركه‌وتووه‌ و له‌ دوایین 9 یاری 13 گۆڵی له‌ سێریا ئه‌ی كردووه‌، هیچ یاریزانێكیش له‌سه‌ر ئاستی خوله‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌ورووپا هێنده‌ی كریستیانۆ له‌ 2020 گۆڵی نه‌كردووه‌.

پێشتر كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ وه‌رزه‌ دوو ریكۆردی پێشووی خۆی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید شكاندووه‌ كه‌ پێشتر له‌ 2009 ـ 2010 له‌ شه‌ش یاری له‌سه‌ریه‌ك هه‌شت گۆڵی كرد بوو، دواتر له‌ وه‌رزی 2011 ـ 2012 له‌ كۆی حه‌وت یاری له‌سه‌ریه‌ك 9 گۆڵی كرد بوو.

كریستیانۆ ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره‌ ریكۆردی وه‌رزی 2014 ـ 2015 له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید بشكێنێت كه‌ له 11 یاری له‌سه‌ریه‌ك گۆڵی كردووه‌ و 20 گۆڵی تۆمار كردووه‌.