پشكنینی ورد بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن

تیمەكانی پشكنین لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان لە ئامادەباشیدان

K24 - حاجی ئۆمەران    

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تیمی پزیشکی بۆ پشکنینی خێرا لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان داناوە. دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رۆژانە 3 ھەزار و 500 گەشتیار پێیدا گەشت دەکەن بەشێوەی 24 کاتژمێری تیمی پزیشکی، پشكنین بۆ گەشتیاران دەكات.

بە وتەی بەرپرسانی كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان، لەو دەروازەیە رێوشوێنی تەندروستی بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ناو ھەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.

جگە لە گەشتیارانی بیانی بەتایبەت ھەڵگرانی پاسپۆرتی چینی، ئەو گەشتیارانەی ھەرێمی کوردستانیش کە ڤیزای وڵاتی چینیان لە پاسپۆرتەکانیان دراوە لە رێگەی ئێرانەوە دەگەڕینەوە، پشكنینی وردیان بۆ دەكرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەندین وڵات، کە سەرچاوەکەی وڵاتی چینە. وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان رێوشوێنی پێویستی تەندروستی بۆ رێگریکردن لە بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە گرتووەتە بەر.

ھ.م