حكوومه‌تی هه‌رێم پلانی ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئاماده‌ ده‌كات

پلانه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ ده‌بێت

K24- هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی ئامادەکردنی هەمواری پڕۆژەی پلانی ستراتیژی روبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، كه تا ساڵی 2025 کاری پێدەکرێت. لە رێگەی ئەو پلانە ستراتیژیەوە ئەنجووومەنێکی باڵا بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی پێکدەهێنرێت, لیژنەیەك کار لەسەر هەمواری پلانەکە دەکات، كه بڕیارە مانگی 3ی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران پلانه ستراتیژیەکە پەسەند بکات.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری  بەشێك لە وڵاتان بەڵێنیان داوە، هاوکاری حکوومەت بن بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.

له‌كاتێكدا ئه‌م پلانه‌ له‌ڕێگەی چەند کۆبوونەوەیەکەوە بە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك پسپۆر و مامۆستای زانکۆ گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بە جۆرێك كه‌ لەگەڵ هێڵە گشتیەکانی کارنامه‌ى کابینەی نۆیەم بگونجێت, له‌مباره‌شه‌وه‌ هێمن میرانی، مامۆستاي زانکۆ كه پسپۆری بواری گەندەڵیە جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی و رێکارەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە دەکاته‌وه‌.

بەگوێره‌ی ئەو پلانە ستراتیژیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنێکی باڵای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی پێكده‌هێنێت، ئەو ئەنجوومەنە تا ساڵی 2025 بەپێ ئەو پلانە کار دەکات و بڕیارە لە مانگی داهاتووش ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتی لیژنەی پێداچوونەوە بە پلانی ستراتیژی پەسەند بکات، ئەگەر پێوستیش بکات، چەند یاسایەکی پەرلەمانی بۆ هەموار ده‌کرێته‌وه‌.

H.B