شازادەکەی سعودییە هەوڵی کڕینی یانەی مانجستەر یونایتد دەدات
چەند پارەی پێشکەش کردووە؟
K24 – ههولێر:
رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، شازادە محەمەد بن سەلمانی سعوودیە، ئامادەیی خۆی بۆ کڕینی یانەی مانجستەر یونایتد دەربڕیوە.
مانگی رابردوو، شازادە بووە یەکێک لەو کەسانەی چووە پێشبڕکێی کڕینی یانەی نیوکاسڵ یونایتدەوە، بەڵام لەگەڵ مایک ئاشلی، سەرۆکی یانەکە، نەگەیشتنە رێککەوتن و ئاشلی داوای 340 ملیۆن پاوەندی کردبوو.
سەنی بەریتانی ئاشکرایکردووە، 18 مانگ لەمەوبەر، شازادە بە بڕی سێ ملیار و 500 ملیۆن پاوەند هەوڵی کڕینی مانجستەری داوە، بەڵام خێزانی گلەیزەرس کە خاوەنی یانەکەن، رەتیانکردووەتەوە مانجستەر بفرۆشن، ئێستاش جارێکی دیکەی شازادەکەی سعوودییە دەیەوێت بچێتە ناو هەمان سەودا و یانە ئینگلیزییە ناودارەکە بۆخۆی بکڕێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، خاوەنی مانجستەر یونایتد (خێزانی گلەیزەرس)، بە 790 ملیۆن پاوەند لە ساڵی 2005 ئەو یانەیەی کڕی.
بەگوێرەی راپرسییەک، 91%ـی هاندەرانی یانەی مانجستەر یونایتد، پێیان باشە خێزانی گلەیزەرس وەک خاوەنی یانەکەیان بمێننەوە.