پارێزگای هەولێر دەنگۆیەک رەت دەکاتەوە

لەباردنی نەناردنی هێلکە بۆ سلێمانی هەواڵێک بە درۆ دەخاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

پارێزگای هەولێر، دەنگۆیەک لەبارەی نەناردنی هێلکە بۆ پارێزگای سلێمانی رەتدەکاتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، بەمەبەستی داپۆشینی ئەو کردەوە نا یاساییەی هێزێکی ناسراو لە رێگریکردن لە هاتنی غازی هاووڵاتیان کردی، هەندێ پەیج بڵاویان کردۆتەوە گوایە پارێزگاری هەولێر فەرمانی کردووە بە نەناردنی هێلکە لە هەولێر بۆ سلێمانی.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، ئەم هەواڵە نەک هەر درۆ و هەڵبەستراوە، بەڵکو پێچەوانەکەی راستە و هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی رێکاری پێویستیان گرتە بەر بۆ چوونی هێلکە لە هەولێر بۆ سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکردەوە،  پارێزگاری هەولێر چوونی هێلکەی بۆ بەغدا راگرت و داوای لە هەموو کارگەکان کرد هێلکە بنێرنە سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستەش‌ قائیمقامی ناوەند و بازگەکانی راسپارد  ئەو پەڕی ئاسانکاری بکەن، پارێزگاری سلێمانیش خۆی ئاگاداری وردەکاری هەنگاوەکانە.

پێشتر چەند پەیجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیان بڵاوکردبووەوە، بەهۆی کێشەی غاز، پارێزگای هەولێر ناردنی هێلکەی بۆ سلێمانی راگرتووە، بەڵام پارێزگای هەولێر ئەو هەواڵە بە درۆ دەخاتەوە.

H.J