ئابیدال یاریزانەکانی بارسێلۆنا بە کودەتا تۆمەتبار دەکات و مێسیش بە توندی وەڵامی دەداتەوە

مێسی بۆ ئابیدال: ناوی ئەو یاریزانانە ئاشکرا بکە کە لە سەردەمی ڤالڤێردی بە ئەنقەست خۆیان ماندوو نەدەکرد

ئێریک ئابیدال بە دیمانەیەکی بەنزینی بەسەر ئاگردا کرد و کێشەکانی بارسێلۆنای تەقاندەوە، ئابیدال بەشێک لە یاریزانەکانی بەوە تۆمەتبارکرد لە سەردەمی ڤالڤێردی کەمتەرم بوون و خۆیان ماندوو نەدەکرد، کەچی تەنیا دوای چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم قسانەی ئابیدال، مێسی بە توندی وەڵامی دایەوە و داوای لێکرد ناوی ئەو یاریزانانە ئاشکرا بکات کە کەمتەرخم بووینە و بە جددی یارییان نەکردووە.

رۆژ بە رۆژ خەریکە کێشەکانی ناو ژووری جلگۆڕینی یانەی بارسێلۆنا دەتەقنەوە، دوای ئەوەی لە راهێنانەکانی ئەم هەفتەیەی بارسا دوو ئەستێرەی دیاریی یانەکە بەشەڕ هاتن، ئێریک ئابیدالی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا بەنزینی بەسەر کێشەکانی بارسێلۆناداکرد و لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی یاریزانەکانی بارسێلۆنای تۆمەتبارکرد.

ئێریک ئابیدال، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرت دەڵێت 'به‌شێك له‌ یاریزانه‌كان له‌ سه‌رده‌می ڤالڤێردی خۆیان ماندوو نه‌ده‌كرد و كه‌مته‌رخه‌م بوو
هەندێک لە یاریزانه‌كانمان له‌ ڤالڤێردی رازی نه‌بوو، به‌ جددی راهێنانه‌كانیان نه‌ده‌كرد، له‌ ژووری جلگۆڕین هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوون، من پێشتر یاریزان بووم له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گه‌یشتم، بۆیه‌ داوام له‌ یانه‌كه‌ كرد بڕیاره‌كه‌ بدات، له‌وه‌ته‌ی یاریی كلاسیكۆوه‌ بڕیاری دوورخرانه‌وه‌ی ڤالڤێردیمان دابوو، دوورخرانه‌وه‌ی ڤالڤێردی به‌هۆی خراپی ئه‌نجامه‌ كانه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ كێشه‌كانی ناوخۆوه‌ هه‌بوو، هه‌رگیز ئه‌م بڕیاره‌ ئاسان نه‌بوو'.

تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی دیمانەکەی ئابیدال، لیۆنێل مێسی بە توندی هاتە سەرخەت و لە ستۆرییەکەی لە ئینستاگرام بە دانانی وێنەیەکی قسەکانی ئابیدال لە رۆژنامەی سپۆرت، مێسی وەڵامی ئابیدالی دایەوە و نووسیویەتی 'بڕوام پێبکەن حەز بەو رووداوانە ناکەم کە ئێستا لە یانەکە روودەدات، بەڵام هەمووان بەپێی بەرپسیارەتی سەرشانیان لە یانەکە بەرپرسن، یاریزانه‌كان ده‌زانن چی ده‌كه‌ن و چ به‌رپرسیاره‌تییه‌كیان له‌سه‌ر شانه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌ كاری دیكه‌ی هه‌یه‌ پێویسته‌ کاری خۆی بكات نەوەک ئەمجۆرە لێدوانانە بدات، ئه‌گه‌ر لێدوانی له‌مشێوه‌یه‌ش ده‌دات با ناوی ئه‌و یاریزانانه‌ بڵێت كه‌ كه‌مته‌رخه‌م بووینه‌'.

وەڵامەکەی مێسی لە بارسێلۆنا هەمووانی شۆک کردووە، یەکەمجارە لیۆ بەمشێوەیە وەڵام بداتەوە، هاندەرانی بارسێلۆنا دەترسن بەهۆی ئەم شەڕە لێدوانەی نێوان ئابیدال و مێسی ئەنجامەکانی یانەکەیان خراپ بێت، بەڵام هاندەرانی بارسێلۆنا بەشێکی راستییەکانیان بۆ روون بووەوە، ئێستا خەریکە ڤالڤێردی لە نێوان ئەو هەموو کێشە شاراوەیەی بارسێلۆنا ئەستۆپاک دەردەکەوێت.