وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی راپۆرتێكی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە
بهر لهوهی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووبێت ئێمە بنەمای خۆمان هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ
K24- ههولێر:
وەزارەتی پێشمەرگە ههندێ زانیاری راپۆرتێکی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رەتدەکاتەوە، کە باسی پێشێلکارییەکان بەرامبەر منداڵان لەلایەن هەموو هێزەکان لە عێراق دەکات، له ناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە، گوایا 34 منداڵیان کوشتووە.
ئەمیندارێتی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێكخراوی داعش، هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمای نێودەوڵەتیی وەكو ئەو لایەنانە دیاریكردووە، كە لە تەممووزی 2015ـەوە تاوەكو تەممووزی 2019 پێشێلكارییان دژی منداڵان لە عێراق کردووە.
له وهڵامی ئهو راپۆرتهی نهتهوه یهكگرتووهكان، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لاواز و بێسەروبەرە، نەدەبوو پێشمەرگە لەگەڵ داعش و هەندێك رێکخراوی دیکە تێکەڵبکرێت.
لهبارهی ئهوهش كه لە بەشێکی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هێزەكانی پێشمەرگە منداڵێکیان چەكدار كردووە، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پێشمەرگە لە سەردەمی شاخ و شۆڕشیشدا کەسێکی بە پێشمەرگە وهرنەدەگرت، کە تهمهنی له خوار 18 ساڵی بایه، ئێستاش هیچ کەسێکی خوار 18 ساڵان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا نییە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی جێگەی ناڕەزایی ئێمەیە، پێویستە بەڵگەکانیان بخەنەڕوو و بۆمانی روونبکەنەوە، چونکە لە کولتووری ئێمەدا ئەو جۆرە کارانە نییە. پێش ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووبێت و یاسای نێودەوڵەتی هەبێت، ئێمە بنەمای خۆمان هەبووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ و هەمووان دەزانن چۆن بووە.
H.B