ئاگادارییەك لەكۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە

رێگری له‌ كوژاندنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری كاره‌بای هه‌رێم كرا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ هۆی رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ وێستگه‌ی كۆرمۆری غازی، شه‌وی رابردوو، هه‌رێمی كوردستان 1200 مێگاوات كاره‌بای له‌ده‌ستدا.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، تیمه‌كانیان به‌ هاوكاری چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌، توانییان رێگە لە گەورەبوونی گرفتەكە بگرن و سیستەمی كارەبای هەرێم دووچاری گرفتی كوژانەوەی گشتی نەبوو.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌

ئاگاداریی هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەینەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی كارەبای هەرێم ئاسایبووەوە دوای ئەوەی دوێنێ شەو بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە وێستگەی كۆرمۆری غازی پەستانی غاز راوەستاو بەهۆیەوە 1200 مێگاوات كارەبا كەمی كرد، ئاسایبوونەوەی دۆخەكە دوای چارەسەركردنی ئاگركەوتنەوەكە هات، بەدرێژایی ئەمڕۆ تیمە هونەرییەكانی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و بەرهەمهێنانی كارەبا لەوەزارەتی كارەبا بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و تیمە ئەندازیارییەكانی داناغاز توانییان رێگە لە گەورەبوونی گرفتەكە بگرن و سیستەمی كارەبای هەرێم دووچاری گرفتی كوژانەوەی گشتی نەبوو، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكەش  دووبارە یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەردوو وێستگەی غازی چەمچەماڵ و هەولێر ئیشیپێكرایەوە و لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3500  مێگاوات كارەبا بەرزبووەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم

5/2/2020