گواردیۆلا: بارسێلۆنا به‌هۆی مێسی تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێت

گواردیۆلا قورسترین شكستی كاروانی وه‌رزشی خۆی ئاشكرا ده‌كات

پێپ گواردیۆلا لە چاوپێکەوتنێکد لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا باس لە رابردوو و ئێستای خۆی دەکات، راهێنەرە کەتەلۆنیەکە پێیوایە کە بارسێلۆنا دوای نه‌مانی مێسی هاوشێوەی ریال مەدریدی دوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ تووشی  کێشە دەبێت، پێپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە قورسترین دۆڕانی وەکو راهێنەر دەکات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مان سیتی ده‌ڵێت: راستە لە رابردوو ئەو کاتەی تەمەنم لە نێوان 23 بۆ 24 ساڵی بوو یاریزانێکی باش نەبووم، بەڵام ئەو کاتەی پەیوەندیم بە بارسێلۆنا کرد توانیم گۆڕانکاری بەسەر خۆمدا بێنم و باشتر یاری بکەم، ئێستاش هەندێجار سەیری دیمەنەکانی ئەو کاتە دەکەم و پێموابێت یاریزانێکی ئەوەندە خراپیش نەبووم.

گواردیۆلا گوتیشی: ئەو کاتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید جیابووەوە، ئەو یانەیە تووشی چەندان گرفتی گه‌وره‌ بوون، بێگومان چوونی کریس کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامەکانی ئەم یانەیە هەبوو، هەربۆیە لەو بڕوایەدام لە دوای چوونی مێسی لە بارسێلۆنا، ئەو یانەیەش هاوشێوەی شاهانەکان تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ دەبن، بۆیە هیوادارم ئەو کەسەی لەو کاتەدا راهێنەرایەتی بلاوگرانا دەکات، زۆر بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخی دوای نه‌مانی مێسی بکات.

گواردیۆلا ده‌شڵێت: ئەو کاتەی لە بایرن میونشن بووم بەرامبەر ریال مەدرید بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام دۆڕاین، زۆر دڵگران بووم، ئەو دۆڕانە قورسترین دۆرانی ژیانی راهێنەرایەتیم بوو و تاوەکو ئێستاش لە بیرم نەکردووە.