دۆزه‌ره‌وه‌ی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستدا

ورده‌كاری رووداوی دۆزینه‌وه‌ی كۆرۆنا

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌و پزیشكه‌ چیینه‌ گیانی له‌ده‌ستدا كه‌ وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س هه‌واڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌.

پێش زیاتر لە یەک مانگ پزیشکێکی چینی زانیویەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووتەوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی وھانەوە بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست و تێكدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستگیرکراوە. جیا لەو پزیشکە 7 کەسی دیکەش کە ھەواڵەکەیان شێرکردووە دەستگیر کراون.

خەڵکی چین گلەیی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دەکەن و دەڵێن نابەرپرسانە مامەڵەیان کردووە و تا ڤایرۆسەکە بەتەواوی بڵاونەبووتەوە خەڵکیان لێ ئاگادار نەکردووەتەوە.

لی وێنلیانگ پزیشکێکی چینیە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وھان کاری کردووە. 30 مانگی 12ی ساڵی رابردوو یەکەم کەس بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای دۆزیووەتەوە. بەڵام لەلایەن پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی چینەوە بێدەنگ کراوە.

وینلیانگ لە گروپ چاتی ویچاتدا بە ھاوڕێکانی وتووە چوار نەخۆش ھاتوونەتە لای کە لە بازاری ھاوانان، تایبەت بە خۆراکە دەریاییەکان کاریان کردووە و تووشی ڤایرۆسێک بوون کە پێدەوترێت سارس و دواتر بە کۆرۆنا ناسرا.

ئەو پزیشکە چینیە داوای لە ھاوڕێکانی کردووە، کە کەسە نزیکەکانیان ئاگادار بکەنەوە و ئاگاداری خۆیان بن. بەڵام یەکێک لە ھاوڕێکانی مەسجەکەی وێنلیانگ سکرین شۆت دەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکاتەوە.

دەست بەجێ پۆلیسی شاری وھان وێلنیاگ بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستگیر دەکەن.

وێنلیانگ دەڵێ: کە مەسیجەکەی خۆمم بینی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زانیم کە شتێکی ئاسایی نیە و تووشی لێپرسینەوە دەبم.

دواتر حکومەتی چین بڕیارێک دەردەکات و بڵاوکردنەوەی ھەر زانیارییەک لەسەر نەخۆشەکان لە پزیشکەکان قەدەغە دەکات. جیا لە وێنلیانگ ٧ کەسی دیکەش کە پۆستەکەیان شێرکردووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن.

لی وێنلیانگ دوای تووشبوونی به‌ کۆرۆنا لە ژێر چاودێری چڕدابوو و بە ئەستەم دەیتوانێ ھەناسە بدات. سه‌ره‌نجام گیانی له‌ده‌ستدا.

دواتر کە ڤایرۆسەکە بەتەواوی بڵاوبوویەوە و 17ی مانگی رابردوو حکومەتی چین تووشبونی 41 کەسی بە ڤایرۆسەکە راگەیاند. 3 رۆژ دواتر ئەو ژمارەیە گەیشتە 198 کەس. ئێستا حکومەتی چین و پۆلیسی وھان پەشیمان بوونەتەوە و دەڵێن ئەو پزیشکەیان دەستگیر نەکردووە تەنیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە بۆئەوەی زانیارییەکانی پشتڕاست بکەنەوە. بەڵام تازە کار زۆر درەنگە.

خەڵکی چین تووڕەن لە پشتگوێ خستنی مەترسیەکە لەلایەن حکومەتەوە و دەڵێن ئەگەر ئەو کات دەستبەجێ رێکاری پێویست لەبەرامبەر ڤایرۆسەکە بگیرایەتەبەر ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدا دەبوو.

تا دێت ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بڵاودەبێتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 426 کەس و زیاتر لە 20 ھەزار کەسی دیکەش لە ھەموو جیھان تووشی ڤایرۆسەکە بوون. 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/af7cd8a7-6670-4a04-94c7-59f34060383c/020420ACV.ism/manifest