به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشاكان چالاكوانانی عێراقی روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن
تا ئێستا ٧٢ چالاکوان و ڕوژنامەنوس ڕفێندراون
K24- هه‌ولێر:
ژیانی رۆژنامه‌نووس و چالاکوانه عێراقییه‌كان بەھۆی میلشیاکانەوە لە ژێر ھەڕەشەدایه، بۆیه بەشێکیان ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەست کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقداییە، لەماوەی چەند مانگی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، ٧٢ چالاکوان و ڕوژنامەنوس ڕفێنراون.
حوسێن كه‌عبی یەکێکە لەو چالاکوانانەی کە بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە شاری ناسریە لە ماوەی ڕابردودا لە لایەن میلشیاکانەوە بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەك ڕفێنرابوو، ئێستا به‌هۆی خراپی دۆخه‌كه و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ژیانی، رووی له ھەرێمی کوردستان كردووه.
عه‌لی عه‌بدولواحید چالاكوانێكی دیكه‌ی عێراقییه، کە چەندین جار لە لایەن ھێزە میلیشیاکانەوە ھەوڵی ڕفاندنی دراوە. ئەو دەڵێت: ئێمە لە پارێزگای میسان لە ژێر ھەڕەشەی میلیشیاکان و ھیزەکانی سەر بە حکوومەتیشداین.
له‌م باره‌شه‌وه ئه‌نه‌س ئه‌كره‌م، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو چالاکوانانەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد ڕفێنراون.
بەگوێره‌ی ئەو ئامارەی لە بەردەست کۆمسیۆنەکەدایە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا ٧٢ چالاکوان و ڕوژنامەنووس ڕفێنراون، کە لەو ژمارەیە تا ئێستا پەنجایان بی سەروشوێنن.
H.B