ئاوی پیس شەقامەكانی مووسڵ دادەپۆشێ
دانیشتووانی مووسڵ داوای چارەسەر دەكەن
K24 - مووسڵ
نهبوونی خزمهتگوزاری و پاك نهكردنهوهی ئاوهڕۆكانی کۆڵانەکانی مووسڵ، ھاووڵاتیانی ئەو شارەی نیگەران کردووە و دانیشتووانی شارەكە داوا لە ئیدارەی شارەکەیان دەکەن، کە چارەیەک لە حاڵیان بکرێت ، بە گوتەی خۆیان ئەو ئاوە کێشەی زۆر گەورەی بۆ دروستکردون، جگە لەوەی کە مەترسی بۆ سەر تەندروستی ئەوان ھەیە.
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی مووسڵ بەناوی سەعید بەكر، بە كوردستان24ی گوت: " ئەو یمەنەی كە دەیبینی كارەساتە لە مووسڵ ھەموو ڤایرۆسە و رووبەڕووی نەخۆشی گەورەت دەكاتەوە، داوا لە حكوومەت دەكەین چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە. جیھان گەیشتووەتە چی و ئێمەش ئەوەیە حاڵمان، ھەژارترین وڵاتی جیھان زۆر لە دۆخی ئێمە باشترە، لە كاتێكدا كە عێراق یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان".
عەلی ساڵح، ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی مووسڵە ئەو دەڵێ: "نازانین چۆن روو لە دەرەوەی ماڵەكانمان بكەین، نە لە دەستی مێشوولە دەتوانین خۆمان رزگار بكەین و نە لەو بۆنە پیسەی كە دروستبووە، تەنانەت ھەرچی سەگی سەر شەقامەكان ھەیە دێن و زبڵەكە ئەوەندەی دیكە بڵاودەكەنەوە، پێویستە حكوومەت و شارەوانی ئاوڕێكمان لێبدەن و ھەوڵەكانی خۆیان چڕبكەنەوە و چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە".
لە بەرامبەر گلەیی ھاووڵاتیان عیماد تۆفیق، بەرێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی نەینەوا بە كوردستان24ی راگەیاند: "پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی مووسڵمان ھەیە كە بڕی 2 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، تائێستا 500 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كراوە".
ھ.م
