كەشتییە بارھەڵگرەكانی چین لە عێراق مەترسی دروستدەكەن
ھۆشداری لەبارەی بەندەری ئوم قسرەوە دەدرێت
K24 - ھەولێر
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو مەترسی لە ھاتنی كەشتییە بارھەڵگرەكانی چین بۆ بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە دروستبوو، لەوەی كە كەسەكانی ناو كەشتییەكە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بن و ببنە ھۆكار كە لە عێراق بڵاوبێتەوە، بەڵام ھەر لەگەڵ گەیشتنی یەكەم كەشتی لە چینەوە كە بە گەورەترتن كەشتی دادەنرێت تاوەكو ئێستا لە چینەوە رووی لە بەندەری ئوم قەسر كردووە، دەستبەجێ پشكنینی تەواو بۆ كارمەندەكانی ناوی كراوە.
پەرلەمانتارێكی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ھۆشداری لەسەر ھەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا لە بەسرە و ئاماژەی بەوەدابوو كە ھاتنە ژوورەوەی كەشتییە بارھەڵگرەكان، بۆ بەندەری ئوم قەسر كارەسات بەدوای خۆیدا دەھێنیێت و داوای لە وەزارەتی تەندروستی كرد كە خێرا لیژنەیەكی تەندروستی پێكبھێنێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییانی عێراق لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزرێن. گەورەترین كەشتی لە چینەوە گەیشتە بەندەرەكە و بەگوێرەی ئەو پشكنینەی كە بۆ كارمەندەكانی ناو كەشتییەكە كراوە، ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوون.
ھاوكات لەگەڵ گەیشتنی گەورەترین كەشتی لە چینەوە بۆ بەندەری ئوم قەسر، بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەكانی عێراق رایگەیاند، كە دەستبەجێ پشكنینێكی تەواو بۆ كارمەندەكانی ناو كەشتییەكە كراوە و سەلامەتن.
سەفا عەبدولحسێن، بەڕێوەبەری گشتی بەندەرەكانی عێراق رایگەیاند، ھەموو شتێكمان رێكخستووە بەر لەوەی كە ھەر كەشتییەك بێتە ناو عێراقەوە لەگەڵ ھاتنی گەورەتین كەشتی لە چینەوە داوای ھەر 7 بەڵگەنامە تەندروستییەكەمان لێكردوون، تەنانەت خۆشمان لە رێگەی تیمێكی تەندروستی تایبەت بەو بابەتە پشكنینمان بۆ كردوون و ھەموو سەلامەتن دەرچوون".
كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق رایگەیاند، یەكەم جارە كەشتییەكی گەورەی لەو شێوەیە بێتە ناو عێراقەوە كە درێژاییەكەی 366 مەترە، جەختیشیكردەوە، ئەو كەشتییە زەبەلاحە بەر لەوەی بگاتە عێراق بە 7 بەندەری دیكەی جیھانی تێپەڕیوە و بەڵگەنامەی پشكنینی ھەر 7 وڵاتەكەیان پێبووە و دوای ئەوەی كە لەلایەن تیمێكی تەندروستی عێراق جارێكی دیكە پشكنینیان بۆ كرا، بێ كێشە پێشوازی لە كەشتییەكە كرا.
كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كەشتییەكە لە 17/1/2020 لە چینەوە بەڕێكەوتووە و بەر لەوەی بگاتە عێراق، بە بەندەری سەنگاپوور، كۆڵۆمپۆی سریلانكا، ھیندستان، بەندەری جەبەل عەلی لە دوبەی، بەندەری خەلیفە لە ئەبوزەبی، بەندەری حەمەد لە قەتەر، بەندەری دەمام لە سعوودیە تا گەیشتە بەندەری ئوم قەسر لە بەسرەی عێراق.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەندەرەكانی جیھان پابەندی خۆیان نیشانداوە، بۆ گرتنەبەری ھەموو رێوشوێنێك بەرامبەر بە ھەر كەشتییەك كە لە چین و وڵاتانی دیكەی جیھان دەگەنە عێراق و پشكنینی تەواو بۆ كارمەندەكان دەكرێت تاوەكو ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە لە شارەكانی عێراق بڵاونەبێتەوە.
ھ.م