دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وریا غه‌فووری پڵنگه‌ كورده‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

وریا غه‌فووری لە چاوەڕوانی لە دایكبوونی منداڵی سێیەمیه‌تی

وریا غەفووری، ئەو ئەستێرە كوردەی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، له‌ ئێستادا بۆ به‌شداریكردن له‌ چاپیۆنزلیگی ئاسیا له‌ هه‌ولێره‌ و سبه‌ی دووشه‌ممه‌ وه‌ك كاپتنی یانه‌ی ئیستیقلالی ئێرانی رووبه‌ڕووی یانه‌ی شورته‌ی عێراقی ده‌بێته‌وه‌.

وریا غه‌فووری لە تەمەنێكی بچووك سەرەنجی میدیاكانی ئێران و یانە گەورەكانی ئەو وڵاتەی راكێشا و لە كورترین ماوە بەرەو هەڵبژاردەی ئێران هەڵكشا و دواتر بەهۆی ناسنامەی كوردبوونییەوە دژایەتی كرا و لە هەڵبژاردەی ئێران دوورخرایەوە، كارلۆس كیرۆشی راهێنەری پورتوگالی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران هۆكارەكانی پشت دوورخرانەوەی وریا غەفووری بۆ میدیاكان ئاشكرا دەكات، له‌م كۆكراوه‌یه‌دا چیرۆكی كوردبوونی ژیانی تایبەتی و وەرزشی ئەو یاریزانەی كوردە ده‌خه‌ینه‌ڕوو.

پڵنگەكە كوردەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان بناسە؟

وریا غەفووری لە دایكبووی ساڵی لە 1987ـی شاری سنەیە، یاریزانی ئێستای یانەی ئیستیقلالی ئێرانییە، لە نێو یاریگە لە باڵی راست یاری دەكات و ژیانی هاوسەری پێكهێناوە و خاوەنی كوڕێكە بە ناوی (ڕادین) و كچێك بە ناوی (بارین)، دوو ناوی كوردی و پڕمانایە و وریا لە جیهانی وەرزشیدا نازناوی پڵنگی كوردی كوێستانی هەیە و بەو نازناوە ناسراوە.

وریا لە پێناو خولیایەكەی دژی باوكی وەستاوەتەوە

وریا غەفووری لە بارەی چیرۆكی ژیانی منداڵی و حەز و خولیای وەرزشی نهێنییەك دەدركێنێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە تەمەنی منداڵیدا باوكی بەربەستی بۆ یاریكردن بۆ دروست كردووە، لەمبارەیەوە وریا دەڵێت: باوكم دژی ئەوە بوو بچمە یاریگە وەرزشییەكان و یاری بكەم و بەردەوام پێداگیری لەسەر تەواوكردنی خوێندنەكەم دەكرد، بەڵام من سووربووم لەسەر خولیا وەرزشییەكەم و كۆڵم نەدا تاكو گەیشتم بە ئامانجەكەم.

وریا چیرۆكی گەیشتن بە ئاواتەكەی دەگێرێتەوە

پڵنگە كوردەكەی سنەی رۆژهەڵاتی ئێران لە میانی گێرانەوەی گەیشتن بە خەون و ئاواتەكەی، دەڵێت: بۆ بەشداریكردن لە یەكەمین تاقیكردنەوەی ئەزموونی تۆپێ بەرەو تاران بەرێكەوتم، لە تاران تاقیكردنەوەكەم بە سەركەوتوویی و بە پلەیەكی نایاب تێپەڕاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نەبوون من بگرنە خۆیان و لە ئەكادیمیایەك بمهێڵنەوە و رایگەیاند كە شوێنی حەوانەوە و مانەوەی تۆمان نییە و بۆ شار و شوێنی خۆت بگەڕێوە.

ئەستێرە كوردەكە كوڵنادات تا بە خەونەكەی دەگات

وریا غەفووری لە میانەی گێرانە و بەسەرهاتی ژیانی وەرزشی خۆی هێما بۆ ئەوە دەكات كە دوای ئەوەی لە هەنگاوی یەكەم بۆ گەشتی تاران شكستی هێنا، ساڵی دواتر دیسان بەختی خۆی تاقی دەكاتەوە، لەمبارەیەوە غەفووری دەڵێت: ساڵی دواتر بەرەو تاران كۆچم كردەوە و لەگەڵ یانەیەكی دیكە تاقیكردنەوەم ئەنجام دا، ئەویش یانەی (پاس تاران) بوو، بەشێوەیەكی باش ئاست و توانای خۆم بۆ راهێنەرانی ئەكادیمیای ئەو یانەیە نماییش كرد و هەر لە هەمان رۆژ شوێنی نیشتەجێبوونییان بۆ دابین كردم و دەستم بە راهێنانی بە كۆمەڵ لەگەڵ یاریزانانی هەمان یانە كرد، دواتر بە گرێبەستێكی ئازاد لە هاوینی 2007 پەیوەندیم بە یانەی (پاس هەمەدان) كرد.

وریا گەیشتن بەو یانەیەی كە لە منداڵییەوە خەونی پێوە بینیوە

پڵنگە كوردەكە لە میانەی دیمانەیەكدا باسی ئەو یانەیە دەكات كە لە منداڵییەوە خەونی پێوە بینیوە، لەمبارەیەوە وریا دەڵێت: لە منداڵییەوە هاندەری یانەی ئیستقلالی ئێرانی بووە، چەندانجار لە قوتابخانە لەگەڵ هاوپۆلەكانم لەسەر ئەو یانەیە شەڕم كردووە و جارێكیش سەریان شكاندووم، خۆشبەختانە كۆڵم نەدا تا درێسی ئەم یانەیە پۆشی كە لە منداڵییەوە هاندەری بووم.

لەمبارەیەوە وریا دەڵێت: لە هاوینی 2012 گرێبەستەكەم لەگەڵ یانەی تەبرێز نوێنەكردەوە و لە پێناو سەرنجڕاكێشانی یانەی ئیستیقلال پەیوەندیم بە یانەی نەفت تارانی ركابەری ئیستیقلال كرد و دوای ئاستێكی بەرز لە خولی ئێرانی، پاشان هەر چاوەڕێی ئۆفەرێكی ئەو یانەیەم كرد كە خەونم بە پۆشینی درێسەكەی دەبینی، بەڵام ئەوكات رووینەدا و لە بەرامبەردا یانەی سێبەهان بە گرێبەستێكی گەورە بۆ گواستنەوەی من هاتنە سەرهێڵ و واژۆم لەسەر گرێبەستی ئەو یانەیە كرد و لە ساڵی 2014 بووینە پاڵەوانی خولی پلەیەكی ئێران و خەڵاتی باشترین بەرگریكاری باڵی راستم وەرگرت، دوای دووساڵ یاریكردن بۆ ئەم یانەیە رۆژە مێژووییەكە بۆ من روویدا و یانەی ئیستیقلال پەیوەندی بە بەرێوەبەری كارەكانم كرد و گەیشتنینە رێككەوتن لە هاوینی 2016 بۆ ئەو یانەیە گواسترامەوە و تا ئێستاش لەو یانەیە بەردەامە، ئەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان لەگەڵ ئیستیقلال بەشداریی لە 21 یاری كردووە، 4 گۆڵ و 4 ئاسیستی هەیە و یەكەمین بەرگریكاری خولەكەیە كە ئەم ئامارە باشەی هەبێت.

چیرۆكی وریا غەفووری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران

وریا غەفووری مانگی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئێران كرا و یكەمین یاری فەرمیشی بە درێسی ئێران لە یارییەكی دۆستانە بوو بەرامبەر كۆریای باشوور، لەو یارییەدا وریا بە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر دەركەوت و یارمەتی هەڵبژاردەی ئێرانی دا بۆ بردنەوەی یارییەكە كە تێیدا ئێران بە گۆڵێكی بێبەرامبەر سەركەوتنی بەدەستهێنا.

دواتر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بۆ یەكەمجار بانگهێشتی پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی كرا، ئەویش جامی نەتەوەكانی ئاسیای 2015 بوو، تێیدا بەشێوەیەكی سەرەكی بەشداریی سەرجەم یارییەكانی كرد بەرامبەر هەڵبژاردەكانی بەحرێن، قەتەر، ئیمارات و عێراق.

وریا بانگهێشتی مۆندیالی 2018 كرا

وریا غەفووری بەهۆی ئاستبەرزییەكەی سەرنجی كارلۆس كیرۆشی راهێنەری پورتوگالی هەڵبژاردەی ئێرانی راكێشا و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕابوون ئەم ئەستێرە كوردە دەبێتە یەكێك لە كاراكتەرە كاریگەرەكانی پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئێران بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2018 و تەنانەت لە لیستی سەرەتای پێكهاتەی ئێران دا هەبوو بۆ بەشداریكردن لە مۆندیال، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو وریا لە نێو لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی مۆندیال بوونی نەبوو.

لە پەرلەمان دەنگی ناڕەزایی بەهۆی دوورخرانەوەی وریا غەفووری دروست بوو

دوای ئەوەی ناوی وریا غەفووری لە لیستی 25 یاریزانە بانگهێشتكراوەكەی مۆندیال نەبوو، خەڵكی ئێران ناڕەزاییەكی زۆریان دەربڕی و پەرلەمانتارەكانی ئێران هاتنە دەنگ و داوای هۆكاری دوورخرانەوەی وریا غەفووریان لە كارلۆس كیرۆشی راهێنەری ئێران كرد، بەڵام ئەم راهێنەرە پێش ئەوەی گەشتی توركیا بكەن راستییەكانی بۆ میدیاكان ئاشكرا كرد و گوتی: نەمانی وریا بە خراپ بۆ سەر پێكهاتەی ئێران دەشكێتەوە، هۆكاری دوورخرانەوەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەمیان (سووننەیە)، دووەمیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینستاگرام پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی سنە و كۆڵبەرانی كردووە.

تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی وریا چۆنە؟

وریا دوور لە دونیای وەرزش جیهانێكی هێور و ئاسوودەیی خێزانی هەیە و وەك خۆی دەڵێت لەگەڵ هاوسەرەكەی و ڕادینی كوڕی ژیانێكی خۆشیان هەیە و هەست بە بەختەوەری دەكەن و حەزیان لەوە منداڵی زیاتریان هەبێت و لە چاوەڕوانی لە دایكبوونی منداڵی سێیەمن.

وریا لە بارەی ژیانی خێزانی خۆی و ناوی مناڵەكانی دەڵێت: ناوی رادینم بۆ كوڕەكەم هەڵبژارد، چونكە ئەم ناوە بە واتای جوامێر و بەخشندە دێت و دەمەوێت هاوشێوەی ناوەكەی ئازا و جوامێر و میهرەبان بێت.

وریا لە دژی خراپی ئابووری ئێران دەنگی ناڕەزایی بەرز كردۆتەوە

لە ئێستادا قەیرانی ئابووری تەواوی وڵاتی ئێرانی گرتۆتەوە و هەموو خەڵك بەدەست ئەو قەیرانە دەناڵێنن، وریا وەكو هەر جارێكیتر پاڵپشتی خۆی بۆ خەڵكەكە دەربڕیوە و نەیتوانیوە بێدەنگی هەڵبژێرێت، بۆیە وەك ئەستێرەیەكی ناسراوی ئێران لە هەژمارە فەرمییەكانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا دەنووسێت: خەڵكی من شایەنی ئەو شێوازە ژیانە نییە و دەبێت لە جوانی و ئاسوودەیی بژین.

ئەم ناڕەزاییەی ئەستێرە كوردەكەی سنە، لە كاتێكدایە كە جەواد زەریفی باڵوێزی ئێران بۆ كارووباری دەرەوە، لە چاوپێكەوتنێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە خەڵكی ئێران شانازی بەوە دەكەن كە ئەم قەیرانە ئابوورییە لە ئەنجامی پاڵپشتیكردنی ئێران بۆ وڵاتانی فەڵەستین، لوبنان و سووریە دروست بووە و كێشە نییە ئەگەر ئێمە بارای داراییمان خراپ بێت لە ئەنجامی یارمەتیدانی ئەم وڵاتانە.

لە بەرامبەردا وریا غەفووری هاتۆتە دەنگ و دەڵێت: نابێت ژیانی هاونیشتیمانیانی ئێمە لە پێناو سیاسەت و یاریمەتیدانی وڵاتانی دیكە بكەوێتە مەترسی.

سەرۆككۆماری ئێران لە دژی وریا غەفووری دەوەستێتەوە

لە ئەنجامی ئەو بەرگریكردنەی وریا غەفووری لە خەڵكی ئێران و ناڕەزایی دەربڕین لە دۆخی خراپی ئابووری ئێران، سەرۆككۆماری ئێران محەمەد عەلی خامنەیی لە دژی ئەستێرە بەڕەسەن كوردەكەی رۆژهەڵاتی ئێران دێتە دەنگ و بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە وریا غەفووری دەكات و دەڵێت: ئەو كەسانەی لە ئێران پێگەیشتوونە و گەیشتوونەتە پلەیەكی بەرز لە بوارەكانی خۆیان نابێت نان بخۆن و سفرەش بدەڕێنن و دوای 2 كاتژمێر بەسەر ئەم وتارە هەڕەشئامێزەی خامنەیی راستەوخۆ بەشی ئەمنی بانگهێشتی وریا كراوە و دوای ماوەیەك ئازادیان كردووە.

دروشمی هاندەرانی ئێرانی: "وریا دەنگی تۆ دەنگی ئێمەیە"

رۆژی 12 شووباتی 2019، دوای كۆتایی هاتنی یارییەكەیان لە خولی ئێرانی، میدیاكان پرسیارێك ئاراستەی وریا غەفووری دەكەن و دەڵێن: ئایا تۆ ناترسی لەو ناڕەزایی و قسانەی لە سۆشیاڵ میدیا گوتووتە؟

وریا لە وەڵامدا دەڵێت: نا بۆ دەبێ بترسێم، بەداخەوە هەندێك كەس ئاگایان لە ژیانی خەڵكی نییە و زامەكان دەكولێننەوە بۆیە ناچارم دەنگیان بەسەردا بەرز بكەمە و ئەو شتانەی حەق و مافی خەڵكە بەبیریان بێنمەوە.

دوای ئەو هەڵوێسانەی وریا غەفووری، هاندەرانی هەردوو یانە لە نێو یاریگە بەیەك دەنگەوە دروشمی وریا دەنگی تۆ دەنگی ئێمەیە و لە پاڵپشتیكردنت بەردەوام دەبین.

هەڵمەتێك بۆ بەرگریكردن لە وریا غەفووری دەكرێت

لە ماوه‌كانی رابردوو له‌ پرۆگرامێكی رادیۆی تارانی وەرزشی، بەشێوەی راستەوخۆ سەرۆكی لێژنەی تەمبێكردن لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران (ئیسماعیل حەسەنزادە) بەشێوەیەكی زۆر توند سووكایەتی بە وریا غەفووری دەكات و بەڵام بەخراپ بەسەریدا دەشكێتەوە.

ئیسماعیل حەسەنزادە لە دیمانەكەیدا دەڵێت: گەنجێكی شارۆچكەیی هاتۆتە تاران و بووەتە ئەستێرە و تەنانەت شارەزایی لە شەقامەكانی تارانیش نییە و دێت سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان ڕاوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، بۆیە دەبێت رێگە لەم بەرەڵاییە بگیردرێت و بەدواداچوون بۆ قسەكانی ئەم گەنجە شارۆچكەییە بكرێت و سنوورێكی بۆ دابنرێت.

ئەم قسانەی ئیسماعیل حەسەنزادەی دیسانەوە دەنگی ناڕەزایی لە لایەن زۆرینەی خەڵكی ئێران لێكەوتەوە و بەجۆرێك بە خێرایی هاشتاگێك لە سۆشیاڵ میدیا دروستكرا بە ناوی (من شارۆچكەییم)، لەم هەڵمەتە ئەستێرە ناودارەكانی وەرزشی و هونەری بەشدارییان كرد و پشتگیری خۆیان بۆ پڵنگە كوردەكەی كوێستان دەربڕی.

وریا غەفووری بە شیعرێك وەڵامی ئیسماعیل حەسەنزادە دەداتەوە

دوای دوو رۆژ لە بێدەنگی، وریا غەفووری هاتە دەنگ و لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام بە شیعرێكی سەعدی وەڵامی وتەكانی ئیسماعیل حەسەنزادە دەداتەوە و بەمجۆرە دەستپێدەكات و دەڵێت: "پیاو تاوەكو نەدوێت، جوانی و ناجوانییەكەی دەرناكەوێت"

دواتر وریا غەفووری دەڵێت: بەداخەوە پێش یارییەكی گرینگ و چارەنووسسازی یانەی ئیستیقلالی ئێران، بەرپرسێكی بەداخەوە پێش یارییەكی گرینگ و چارەنووسسازی یانەی ئیستیقلالی ئێران، بەرپرسێكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لێدوانێكی داوە بە من بەبچووك سەیر دەكات و گاڵتە و رەخنەیەكی قیزەون دەگرێت و پێم دەڵێت: گەنجێكی شارۆچكەیی، بەڵێ بە سەرزبەرزییەوە دەڵێم من شارۆچكەییم، گوتوویەتی من هێشتا رێگای شەقامەكانی تاران نازانم، بەڵێ وایە هێشتا نازانم، بەڵام بەجوانی و دروستی پەروەردەكراوم و ئەو شەقامەی رێگای راستم بۆ رووناك دەكاتەوە پێی دەزانم، بەڵێ گەنجێكم بە بە ڕەنج و شان و هەوڵ و تێكۆشانی خۆمان پێگەیشتووم و گەیشتوومەتە ئەو شوێنەی كە شایستەیە بۆ من، گەنجێكی وەكو منیش مافی قسەكردنم هەیە و پێویستە بەرامبەرەكەشم بە جوانی قسە بكات و كەس بریندار نەكات.

لە بارەی بەرگریكردن لە ناسنامەی كوردبوونییەوە، وریا غەفووری پەیامێك ئاراستەی بەرپرسانی ئێران دەكات و دەڵێت: هیچ قەوم و نەتەوەیەك لە نەتەوەیەكی تر گەورەتر نییە، تەنیا مەگەر لە ڕووی مرۆڤایەتی و كردارەوە لەویتر باشتر بێت.

ئاماده‌كردنی: كه‌ژاڵ حه‌سه‌نی