ساری به‌هۆی ئه‌نجامی ئه‌م 4 یارییه ره‌نگه دووربخرێته‌وه
یوڤێنتۆس بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ماوریزیۆ ساری دووربخاته‌وه و ئالێگری بگه‌ڕێنێته‌وه
سه‌رچاوه‌كانی ئیتاڵیا یوڤێنتۆس بیر له‌وه ده‌كاته‌وه ماوریزیۆ ساری له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ی دوور بخاته‌وه.
رۆژنامه‌ی لاریبۆبلیكای ئیتاڵی بڵاویكردۆته‌وه له‌نێو یوڤێنتۆس ده‌نگۆ هه‌یه و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنه‌ری پێشوو بۆ پۆسته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه ئاندریا ئانێلی سه‌رۆكی یانه‌كه دڵخۆش نییه به ماوریزیۆ ساری كه ئه‌م یانه‌یه رۆژی شه‌ممه تووشی سێیه‌م شكستی ئه‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی بوو.
یوڤێنتۆس هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی له‌سه‌ره كه له دوایین هه‌شت ساڵی رابردوو توانیویه‌تی ئه‌م نازناوه بباته‌وه، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئینته‌رمیلان و لازیۆ كه ركابه‌رییه‌كی به‌هێزی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه ده‌كه‌ن.
ساری ته‌مه‌ن 61 ساڵ، پێشتر راهێنه‌ری یانه‌كانی، هێلاس ڤیرۆنا، پێسكارا، ئیمپۆلی و ناپۆلی بووه، نازناوی یۆرۆپالیگی بۆ چێڵسی به‌ده‌ستهێناوه، له هاوینی رابردوو روویكرده یوڤێنتۆس، له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه له كۆی 32 یاری، 24 بردنه‌وه، 4 به‌رامبه‌ربوون و 4 شكستی هه‌یه.
.jpg)