پڕۆژەی تونێلی بەنی ھەریر تەواو دەكرێت
پڕۆژەكە بەھۆی قەیرانی دارایی راگیرا بوو
K24 - ھەولێر
لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان دایڕشتووە، دەستکرایەوە بە تەواوکردنی پڕۆژەی تونێلی بەنی ھەریر کە رێگای سەرەکی شەقڵاوە بە ناحیەی بالیسان و سنووری سۆران بە یەك دەبەستێتەوە. دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، کە نزیکەی 140 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە تەرخانکراوە.
پڕۆژەی دروستکردنی تونێلی بەنی ھەریر جارێکی دیكە كاری تێدا دەكرێتەوە، کە لە ساڵی 2014 دەست بە دروستکردنی کرا، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە راگیرا، پلانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان، بەتایبەت ئەو رێگایانەی کە پێویستن بۆ ھاووڵاتییان.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنێت "پلانمان ھەیە لەمساڵدا سەرجەم پڕۆژەکانی رێگاوبان لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەواو بکەین و لە ناویشیاندا ئەو تونێلانەی کە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان دەکەن".
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت 65% پڕۆژەکە تەواو بووە و لەماوەی 28 مانگی دیکەدا 100% پڕۆژەکە تەواو دەبێت دەشڵێت، کاری بڕینی تونێلەکە و رووپۆشکردنی تەواو بووە.
تونێلی بەنی ھەریر رێگای سەرەکی شەقڵاوە بە شارەدێكانی بالیسان و خەلیفان دەبەستێەوە. گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە 138 ملیار و 240 ملیۆن و 959 ھەزار دینارە. پڕۆەکە لە 21/1/2014 دەست بە كارەكانی كرا لە 27/7/2016 کارکردن لە پڕۆژەکە راگیرا، بۆ جارێکی دیکە و بە بڕیاری حكومەتی ھەرێمی کوردستان لە 20/10/2019 دەستکرایەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەكە و بڕیاریشە تا سەرەتای ساڵی 2022 تەواو بكرێت.
ھ.م