نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كۆبووه‌وه
تاووتوێى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر كرا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق جه‌ختيان له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ئاساييبوونه‌وه‌ى دۆخى عێراق، گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامیى و سه‌قامگيرى و راسته‌ڕێبوونى پرۆسه‌ى سياسى له وڵات كرده‌وه‌وه.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له محه‌ممه‌د عه‌لى ئه‌لحه‌كيم، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى وڵاتيان تاووتوێ كرد. هه‌روه‌ها تيشكيان خسته سه‌ر داواكاريى ره‌واى خۆپيشانده‌ران له خزمه‌تگوزارى و ئێستا و ئاينده‌يه‌كى باشتر و ئه‌و مامه‌ڵه تونده‌ى رووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه، جه‌ختيشيان له هه‌وڵ و هه‌نگاونانى جیددى بۆ بنه‌بڕكردنى توندوتيژى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داواكارييه‌كانى خۆپيشانده‌ران كرده‌وه.
تاووتوێكردنى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و فراوانبوونى جموجۆڵى تيرۆریستانى داعش له چه‌ندين ناوچه‌ى جياى عێراق و گرنگيى رۆڵى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆریستان، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه بوون.