سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی عێراق دۆخی عێراق تاووتوێ دەكەن

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی عێراق دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 11/2/2020 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محەممەد عەلی ئەلحەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق تاووتوێ كرا و رۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و چۆنییەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی عێراق، هاوكات بیروڕا لەبارەی بابەتی راسپاردنی سەرۆكوەزیرانی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەویەدا جەخت لە جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپێشاندەران و لەبەرچاوگرتنی داواكاریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق كرایەوە.

هەڕەشەی هزری توندڕۆیی و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی داعش، تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.