ھۆشداریەك لە كەشناسییەوە
بەفربارین ھەموو ناوچەكان دەگرێتەوە
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێك لەبارەی ھاتنی شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین بڵاودەكاتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، ئەمشەو شەپۆلێکى بەفربارین روو لە ناوچەكە دەكات. سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى باکوورى رۆژئاواى هەرێمی كوردستان بەفربارین دەستپێدەکات. لە بەرەبەیانى رۆژى پێنجشەممە کاریگەرى شەپۆلی بەفر بارینەکە تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوە.
كەشناسی راشیگەیاند، پێشبینى بەفربارین لە سەنتەرى پارێزگاکان (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، کرکووک، هەڵەبجە) هەیە بە رێژەى جیاجیا. لە هەندێك ناوچە بارانی کەم بە تێکەڵى لەگەڵ بەفر دەبارێت.
پێشبینی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێوارەى رۆژى پێنجشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە تەنها لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەمێنێتەوە و لە شەوى پێنجشەممە کاریگەریەکەى بە تەواوى لاواز دەبێت، لە کاتى بەفربارین مەوداى بینین کەمدەبێتەوە.
ئاستى بەفر بارینى پێشبینیکراو بۆ سەنتەرى پارێزگاکان:
هەولێر 5-10 سم
سلێمانى 6-12 سم
دهۆک 20-30 سم
هەڵەبجە 7-15 سم
کرکووک 2-5 سم
