ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی پێچەوانەی داواكەی كۆسرەت رەسووڵ كۆدەبێتەوە

كۆسرەت رەسووڵ داوای ھەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی كردبوو

K24 - ھەولێر

ھەرچەندە كۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ھۆشداری دابووە ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی كۆبوونەوەكان ھەڵپەسێرن، بەڵام كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دەستی پێ كرد.

ئەمڕۆ پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی: كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ پەسندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ بەڕێوە دەچێت.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ كۆسرەت رەسووڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نووسراوێكدا داوا لە ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی دەكات، كۆبوونەوەكان ھەڵپەسێرن و بڕیارەكانیان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ناوخۆی حزبەكە.

لەو نووسراوەدا، كۆسرەت رەسووڵ دەڵێ: "تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر ھاوسەنگیی ریزەكانمان ھەیە، پێش یەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجومەنەوە، شەرعیەتی ئۆرگانێكی وەرناگرن".

دەشڵێت: "لە ھەموو بارێكەوە، دۆخی یەكێتی وردتر لێك بدەنەوە، تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن".