كاره‌بای حاجی ئۆمه‌ران پچڕا

خه‌ڵك نه‌وتی نییه‌ و پشتی به‌ كاره‌با به‌ستووه‌

K24 – هه‌ولێر:

ئیبراهیم حه‌مدان، دانیشتووی شاره‌دیی حاجی ئۆمه‌رانه‌ و به‌كوردستان24ی راگه‌یاند، كاتژمێر (5:45) خوله‌ك كاره‌بای حاجی ئۆمه‌ران و ده‌وروبه‌ری كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ دابینكراوه‌ پچڕاوه‌.

گووتیشی: به‌شێكی زۆری دانیشتوانی حاجی ئۆمه‌ران و گونده‌كانی شیوه‌ڕه‌ش و سه‌یداوه‌ به‌هۆی بوونی كاره‌بای بیستوچواركاتژمێری سۆپا و نه‌وتیان نیه‌ و بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان پشت به‌ سپلیت و ئامێره‌ گه‌رمكه‌ره‌وه‌ كاره‌باییه‌كان ده‌به‌ستن بۆیه‌ پچڕانی كاره‌با بارودۆخی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی ناهه‌موار كردووه.

له‌و باره‌یه‌وه‌،‌ فه‌رزه‌نگ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێو‌به‌ری شاره‌دێی حاجی ئۆمه‌رانه‌ رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ پچڕانی كاره‌با راسته‌وخۆ تیمه‌كانی فه‌رمانگه‌ی كاره‌با به‌دواداچوونیان كرد و ده‌ركه‌وت كێشه‌كه‌ ته‌نكنیكییه‌ و له‌ دیوی هه‌رێمی كوردستان نیه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیمان كردووه‌ به‌ به‌رپرسانی ئێرانی ئه‌وانیش به‌ڵێنیان داوه‌ ده‌ستبه‌جێ به‌دوا داچوون بكه‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری گرفته‌كه‌ بده‌ن.

فه‌رزه‌نگ ئه‌حمه‌د، گووتیشی: پێشبینی ده‌كه‌م له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌رببێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ حاڵه‌تی كه‌شوهه‌وایه‌ و درووست بوونی گرفتی ته‌كنیكی له‌بارودۆخێكی ئاوادا چاوه‌ڕوان كراوه‌.

به‌هۆی به‌فربارین و به‌سته‌ڵه‌ك پله‌كانی گه‌رما ئێستا له‌ حاجی ئۆمه‌ران (11) پله‌ی ژێر سفری سیلیزیه‌ و به‌گوێره‌ی پێشبینیه‌كانی كه‌شناسیش بۆ ئه‌م شه‌و پله‌كانی گه‌رما تا (17)پله بۆ ژێر سفر داده‌به‌زن. ‌