چوار مێردمنداڵ لە كافتریایەكی كەلار دەستگیر كران
چەقۆیان ھەڵگرتووە و نێرگلەیان كێشاوە
K24 - گەرمیان
پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، شەوی رابردوو چوار مێرمنداڵیان لە كافتریایەكی قەزای كەلار دەستگیر كردووە، كه چەقۆیان هەڵگرتووە.
لە راگەیەندراوێكدا، موقەدەمی مافپەروەر، عەلی جەمال قدووری لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی شەوی رابردوو مەفرەزەکانی 104ی کەلار بە هاوبەشیی لیژنەی قایمقامیەتی قەزای کەلار چەند کافتریایەکی قەزاکەیان پشکنی. لە یەکێک لە کافتریاکاندا چوارمێرد منداڵ دەستگیر کران، کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەیە و چەقۆیان هەڵگرتووە و نێرگلەشیان لە کافتریاکە کێشاوە. هاوكات كافتریاكه لەلایەن لیژنەی قایمقامیەتەوە غەرامە کرا و داخرا".
ئاماژەی بەوەش كردووە: "ئەوە لە كاتێكدایە كه رێگەپێدراو نییە گەنجان لە تەمەنی خوار 18 ساڵییەوە لە کافتریاکان نێرگلە بکێشن".
ھ.م