گومان دەکرێت یاریزانێکی مانچێستەر یونایتد تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت
نزیکەی دوو هەفتەیە لە راهێنانەکانی مانچێستەر یونایتد دوورخراوەتەوە
ئیگالۆ بەهۆی گومانی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە راهێنانەکانی مانچێستەر یونایتد دوورخراوەتەوە.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئۆدیۆن ئیگالۆی هێرشبەری نوێی مانچێستەر یونایتد کە بە خواستن تا کۆتایی ئەم وەرزە لە شەنگهای شنوای چینییەوە پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە، نزیکەی دوو هەفتەیە بە تەنیا راهێنان دەکات و لەگەڵ یانەکەی گەشتی ئیسپانیای نەکردووە بۆ بەشداریکردن لە کەمپی یانەکەی، بەڵکو لە شاری مانچێستەر بە تەنیا راهێنان دەکات.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە پێشبینی دەکرێت دوای مانەوەی بۆ ماوەی 14 رۆژ، ئیگالۆ لەم چەند رۆژەدا پەیوەندی بە راهێنانەکانی مان یونایتد بکاتەوە کە وابڕیارە رۆژی دووشەممە لە پرێمەرلیگ رووبەڕووی چێڵسی ببنەوە، سۆلشایەریش پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئیگالۆ بەشداریی یارییەکەی چێلسی دەکات و بانگهێشتی یارییەکەی ستامفۆرد بریدج دەکرێت.