بەرهەمهێنەرانی ئێران چاویان بڕیوەتە بازاڕی هەرێمی کوردستان

وەبەرھێنەرێك: بازاڕی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران زۆر گرنگ و گونجاوە

K24 - ھەولێر

لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگەی کەلوپەل و بەرهەمەکانی ئێران کرایەوە، 300 کۆمپانیا و ناوەندی بەرهەمهێنان تێیدا بەشدارن و ماوەی چوار رۆژ بەردەوامدەبێت. بەرهەمهێنەرانی ئێرانی بە گرنگییەوە باسی بازاڕی هەرێمی کوردستان دەکەن. داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، کارئاسانیان بۆ بکات.

وەبەرهێنەرێكی ئێران دەڵێ: "چەندین جار بۆ بەشدرای لە پیشانگا، سەردانی بازاڕی هەرێمی کوردستانم كردووە، بازاڕی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران زۆر گرنگ و گونجاوە. بەهۆی ئەو فشارە ئابووریەی کە لە سەر ئێمەیە، ئەوێ زۆر باشترە بۆ ئێمە. بەڵام بە داخەوە بەرپرسانی ئێرانی زۆر گرنگی پێنادەن".

لەو پێشانگەیەدا بەرهەمهێنەران کەلوپەلی نێوماڵ، پیشەسازی، خۆراک و بەرهەمەکانی دیکەیان خستووەتەڕوو، حکومەتی ئێران هانی بەرهەمهێنەرانی ئەو وڵاتە دەدات، هەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی دراوسێ زیاد بکەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت. بەڵام هاووڵاتیانیش دەڵێن، كوالیتی بەرهەمەکانانی ئێران زۆر نزمە و ئەوەش هۆکارێکە، کە نەتوانن بە ئاسانی لە بازاڕەکانی وڵاتانی‌ دیكەدا بەرهەمەکانیان ساخ بکەنەووە.

ئێران یەكێكە لە دراوسێ نزیكەكانی هەرێمی كوردستان و ساڵانە بەهۆی هەرێمی كوردستان 7 بۆ 8 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە و بازاڕەكانی كوردستان باشترین شوێنی ساخكردنەوەی كاڵاكانی ئەو وڵاتە بووە.

ھ.م