کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یۆڤێنتۆس بووەتە خێروبەرەکەت
کۆمپانیاکان لەبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ کێبڕکێ لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یۆڤێنتۆس دەکەن
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یۆڤێنتۆس بووەتە خێروبەرەکەت، لەوەتەی ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە پەیوەندی بە یۆڤێنتۆس کردووە، جگە لە گۆڵکردن لە رووی داهاتیشەوە بۆ خانمە پیرەکە بووەتە خێروبەرەکەت و یۆڤی ئەو پارەی دەستکەوتووە کە لە کڕینی خەرجیکردبوو.
یۆڤێنتۆس هاوینی 2018 بەرامبەر 105 ملیۆن یۆرۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە ریال مەدرید کڕی، جگە لەوەی لە وەرزی یەکەم دوو نازناوی لەگەڵ یۆڤی بەدەستهێنا و تاکو ئێستا لە 71 یاری 51 گۆڵی کردووە، بۆ یانە ئیتاڵییەکە بووەتە مریشکێک هێڵکەی زێڕ بکات، رۆژ لە دوای رۆژ داهاتی یانەکە زیاتر دەبێت.
کۆمپانیای ئالیانز بەهۆی پەیوەندیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری داوە نرخی سپۆنسەریکردنی یاریگاکەی یۆڤی زیاد بکات و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە بە 10 ملیۆن و 300 هەزار یۆرۆ تاکو 2030 نوێکردەوە، واتە لەو ماوەیە یۆڤی تەنیا لە بەرامبەر ناونانی یاریگاکەی بە ناوی کۆمپانیای ئالیانز نزیکەی 103 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت.
بەهۆی چوونی دۆن بۆ یۆڤی کۆمپانیا بازرگانییەکان رکابەری لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان دەکەن لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە، کۆمپانیای ئادیداس نرخی ساڵانەی سپۆنسەریکردنی یۆڤێنتۆسی بۆ 51 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردووەتەوە، لەکاتێکدا پێش ئەوەی کرس ببێتە یاریزانی بیانکۆنێری نرخی ساڵانەی گرێبەستەکە تەنیا 23 ملیۆن یۆرۆ نیو بوو.
لەوەتەی کریستیانۆ بووەتە یاریزانی یۆڤێنتۆس فرۆشی درێسەکانی یانەکە گەیشتووەتە 100 ملیۆن یۆرۆ، واتە فرۆشی درێسەکانی یانەکە گەیشتووەتە ئاستی فرۆشی درێسەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد.
کۆمپانیای جێپیش دوای ئەوەی دۆن بووە یاریزانی یۆڤی، نرخی ساڵانەی سپۆنسەریکردنی یانەکەی لە 17 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 42 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە.