گرووپی كۆمپانیاكانی قه‌یوان پێشوازی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

له‌ باره‌ی شه‌قامی سه‌د مه‌تری سلێمانییه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان دەربارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ "كوردستان24" نێردراوه‌، هاتووه‌: "گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەبارەت بە رەزامەندی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە هەمان دیزاینی خۆی".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیەندراوێک لە گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان دەربارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی 

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەبارەت بە رەزامەندی بەڕێز (سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان) بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە "هەمان دیزاینی خۆی".

لەم بارەیەوە دانیشتوانی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، کە گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان پلانێکی تۆکمە و پێشکەوتووی ئامادەکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە کواڵێتییەکی بەرزی سەردەمیانە و بە ستانداردی ئەندازیاری، کە شایستە بێت بە شاری هەڵمەت و قوربانی.

بەپێی پلانەکەمان لە مانگی داهاتوودا، لەگەڵ گونجانی کەشوهەوا، دەست بە ئامادەکارییە بەراییەکان دەکەین بۆ جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، هەموو هەوڵی خۆشمان دەدەین، هاوشێوەی پڕۆژە نایابەکانی دیکەمان بە سەرکەوتوویی شەقامەکە تەواو بکەین و بەر لە تەواوبوونی وادەی دیاری کراو بۆ جێبەجێکردنی، شەقامەکە بەڕووی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستاندا بکەینەوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری 32 کم لە خۆی دەگرێت و لە پردی تاسڵوجەوە دەست پێدەکات، تاکو بازگەی سلێمانی - عەربەت.

دیارە ئەم قۆناغەی پڕۆژەکە گرنگترین قۆناغیەتی کە گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان جێبەجێی دەکات و هەموو ڕێڕەوەکانی ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان لەخۆی دەگرێت، کە داخڵی ناو شاری سلێمانی دەبن و لەوێووە دەچنە دەرەوەی سلێمانی، ئەم پڕۆژە ستراتیجیە لە دهاتوودا زۆرترین قەرەباڵغی لەسەر شاری سلێمانی کەم دەکاتەوە. 

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان

13/2/2020