كورد ئه‌م 3 مه‌رجه‌ی هه‌یه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌للاوی

"پێویسته‌ عەللاوی پابەندی جێبه‌جێكردنی دوایین رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بكرێت"

K24- هه‌ولێر:

خالد شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم داوا لەلایەنە سیاسییە كوردییەكان دەكات، بەیەك پاكێج دانووستان لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق بكەن. 

شوانی ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان گرنگە لایەنە كوردییەكان عەللاوی پابەند بكەن بەوەی دوایین رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

هاوكات مه‌یاده‌ نه‌جاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش مەرجەكانی كورد بۆ پشتگیریكردن لە عەللاوی ئاشكرا دەكات، كه‌ گرنگترینیان جێبەجێكردنی دەستوور و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمە.

مەحەمە تەوفیق عەللاوی ھێشتا دەستی بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان نەكردووە، بەڵام لیستی داواكاری لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئامادەیە، ئەگەرچی ئامانجییەتی كەسانی سەربەخۆ بۆ كابینە وزارییەكەی ھەڵبژێرێت، بەڵام ئەمە ئاسان نییە، چونكە ئەوانەی لە پەرلەمان دەنگ بە كابینەكە دەدەن نوێنەری حزبەكانن و ئامادە نین دەنگ بە كابینەیەك بدەن كە حزبەكانیان ڕەزامەندیان لەسەر نەبێت.

H.B