جگە لە سڕکرانی لە چامپیۆنزلیگ سزای دیکەش چاوەڕێی مانچێستەر سیتی دەکات
بەرپرسانی مانچێستەر سیتی دڵنیان لە دادگای وەرزشی جیهانی ئەم سزایە هەڵدەوەشێننەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە بڕیارێک هەموو جیهانی شۆک کرد، کەچی یانەی مانچێستەر سیتی پێیوایە ئەم بڕیارەی یوێفا چاوەڕوانکراو بووە و رایدەگەیەنن گرەوەکە لە یوێفا دەبەنەوە.
یوێفا بەفەرمی بڕیاریدا بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاسای دارایی خاوێن بۆ ماوەی دوو وەرزی داهاتوو مانچێستەر سیتی لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ سڕ بکات و بە پێبژاردنی 30 ملیۆن یۆرۆ یانە ئینگلیزییەکە سزا بدات، یوێفا هیچ دەرفەتێکی تانەدانی بۆ مان سیتی نەهێشتووەتەوە و رایگەیاندووە ئەمە بڕیاری کۆتاییانە.
یوێفا یانە ئینگلیزییەکە بەوە تۆمەتبار دەکات لە ساڵانی 2012 تاکو 2016 پابەند نەبووە بە یاسای دارایی خاوێن، کەچی مانچێستەر سیتی بە زووترین کات هاتە دەنگ و وەڵامی سزایەکەی یوێفای دایەوە و لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە بەزووترین کات لە دادگای وەرزشی جیهانی تانە لە بڕیارەکەی یوێفا دەدەن.
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا بەریتانییەکان، بەرپرسانی مانچێستەر سیتی زۆر بە ئاسایی سزایەکەیان وەرگرتووە و دڵنیان لە دادگای کاس تەنیا بە دانیشتنێکی دادگا گرەوەکە لە یوێفا دەبەنەوە و ئەستۆپاکی خۆیان دەسەڵمێنن، چونکە لەوە دڵنیان هیچ سەرپێچییەکیان نەکردووە.
رۆژنامەی ئیندێپێندێتی بەریتانی ئاشکرایکردووە، جگە لە سزادرانی مان سیتی لەلایەن یوێفاوە، پێشبینی دەکرێت لە پرێمەرلیگیش چەند خاڵێک لە مان سیتی کەمبکرێتەوە، چونکە ئەم سەرپێچییەی مان سیتی لەسەر ئاستی ناوخۆش رێگاپێدراو نییە.