ئەو كەسەی هاووڵاتییەك و پۆلیسێكی لە ھەولێر بریندار كرد دەستگیر كرا
"داوای لێكردووە پارەی پێبدات"
K24 - ھەولێر
پۆلیسی ھەولێر دەستگیر كردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند، كە ھاووڵاتییەك و پۆلیسێكی بە چەقۆ بریندار كردووە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتێكی شاری هەولێر، تۆمەتبارێك بە چەقۆ كەسێكی بەساڵداچوو و پۆلیسێكی بریندار كرد، پۆلیس بەدواداچوونی وردی كرد و لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكەی دەستگیر كرد".
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "كاتژمێر 5:30ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتی (عەبدولكەریم مودەڕیس) لە هەولێر، كەسێك بە ناوی (ع.ل.م) هەڵیكوتاوەتە سەر مزگەوتەكە و داوای لە كەسێكی بەساڵداچوو بە ناوی جەمیل محەمەد ساڵح تەمەن 78 ساڵ كردووە كە پارەی پێ بدات، دوای رەتكردنەوەی داواكەی لە لایەن پیاوە بەساڵداچووەكەوە، تۆمەتبارەكە چەند چەقۆیەكی وەشاندووە و بە سەختی برینداری كردووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونیشی كردەوە: "لەكاتی هەڵكوتانە سەر پیاوە بەساڵداچووەكە، پۆلیسێكی فریاكەوتن بە ناوی بەختیار ستار ئیسماعیل، بۆ نوێژ لەوێ دەبێت و بە هانای پیاوەكەوە دەچێت و لە ژێر چنگی رزگاری دەكات، بەڵام لە ئەنجامدا چەقۆیەكی بەردەكەوێت و ئەویش بریندار دەبێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە رێكخرا و پۆلیس توانی بە ماوەیەكی زۆر كەم تۆمەتبارەكە دەستگیر بكات، دۆسیەكەش خرایە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی یاسایی وەربگرێت و رێكاری یاساییش دەرهەق بەو كەسە بگیرێتە بەر كە تاوانەكەی ئەنجام داوە".
ھ.م