"ئینته‌ر میلان له باره‌ی لاوتارۆ مارتینێز وه‌ڵامی بارسێلۆنای دایه‌وه"
"ئینته‌ر میلان به‌م مه‌رجه ئاماده‌یه لاوتارۆ به بارسێلۆنا بفرۆشێت"
سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی ئیسپانیا و ئیتاڵیا به گه‌رمی باس له خواستی بارسێلۆنا بۆ گواستنه‌وه‌ی لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبه‌ری ئینته‌ر میلان ده‌كه‌ن، ئه‌م یاریزانه به نزیك ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزی داهاتوو له بارسێلۆنا شوێنی لویس سوارێز بگرێته‌وه.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا، له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه نرخی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی لاوتارۆ مارتینێز له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان 111 ملیۆن یۆرۆیه و بارسێلۆنا ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نرخه بداته ئینته‌ر میلان و گرێبه‌سته‌كه‌ی ئه‌م یاریزانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و به‌ره‌و كامپ نوو بیگوازێته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، رۆژنامه‌ی توتوسپۆرتی ئیتاڵیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارسێلۆنا به فه‌رمی گفتووگۆیه‌كانی له باره‌ی گواستنه‌وه‌ی لاوتارۆ له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان ده‌ستپێكردووه، یانه ئیتاڵیاییه‌كه ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه لاوتارۆ له به‌رامبه‌ر ئانتوان گریزمان له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا بگۆڕێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، بارسێلۆنا له جیاتی گریزمان، پێشنیازی كارلێس ئالینا و ئارتورۆ ڤیدالی كردووه، له ئه‌گه‌ری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو یاریزانه، بارسێلۆنا ئاماده‌یه له پێناو لاوتارۆ مارتینێز ده‌ستبه‌رداری فلیپی كۆتینهۆ بێت بۆ ئینته‌ر میلان.
لاوتارۆ مارتینێزی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له هاوینی 2018 له یانه‌ی رایسینگ كڵه‌بی ئارجێنتینا به 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئینته‌ر میلان گواسترایه‌وه، له كۆی 63 یاری له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان 25 گۆڵ و 5 ئاسیستی هه‌یه، گرێبه‌سته‌كه‌ی له هاوینی 2023 له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان كۆتایی دێت.