سەرۆك بارزانی و ئەیاد عەللاوی لەسەر چەند خاڵێک لەبارەی حکومەتی داهاتووی عێراق رێککەوتن

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئەیاد عەللاوی کرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ د. ئەیاد عەللاوی و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و لەسەر سێ خاڵ لەبارەی حکومەتی داهاتووی عێراق رێککەتن.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پێشهاتەکانی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە و بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی ئینتیقالیی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

یەکەم: هەردوولا جەختیان کردەوە کە عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی وڵات بکەن لە ڕووبەڕووبوونەی مەترسیی تیرۆر، بەتایبەتییش بە ڕەچاوکردنی جموجۆلەکانی ئەمدواییەی داعش.

دووەم: عێراق وڵاتی فرەیی و پێکهاتەکانە و هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێ لەبارەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی دەوڵەت و داهاتووەکەی، تاکڕەوی بکات، چونکە ئەوە دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

سێیەم: پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو نوێنەرایەتی هەمووان بکات و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداریی تێدا بکەن تا یەکانگیریی نیشتمانی و خواستە ئاشتیخوازانەکانی خۆپێشاندەران و بزاڤی جەماوەری، بگرێتەخۆی.