مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆبوونەوە
سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا: پەیوەندییەکی تایبەتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە
K24 – ههولێر:
لە دوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک روتە، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، هەردوولا چەند لێدوانێکیان لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لە میونشن بۆ میدیاکان دا.
مارک روتە رایگەیاند، 50 راوێژکاری سەربازیمان هەیە کە مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و پەیوەندییەکی زۆر تایبەتیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
راشیگەیاند، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین.
سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ستایشی بەرنامەی چاکسازی کارگێڕی ودارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد و ئامادەیی هاوکاریکردنیشی دەربڕی.
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی هۆڵەندای کرد و تیشکی خستە سەر بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی وەبەرهێنان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارۆدۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.